گۆرانیبێژ "باد بەنی" هەوادارانی لە چاوەڕوانییدا هێشتووەتەوە

هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیاری پۆرتۆریکی، بێنیتۆ ئانتۆنیۆ مارتینێز ئۆکاسیۆ، ناسراو بە باد بەنی، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی خۆی بڵاوکردووەتەوە و هەواداران دەیانەوێت لە ناوەڕۆکی کارەکانی بکۆڵنەوە.
ماوەیەکی زۆرە، پەیوەندیی نێوان باد بەنی و کێندال جێنەر باس و خواسی هەوادارانی جیهانی فاشیۆن و گۆرانییە، کە پەیوەندییە سۆزدارانەکەیان، چەندین جار یەکگرتن و جیابوونەوەی بەخۆوە بینی و بوو بە باس و خواسی سایت و پێگە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژئاوا.

ئەلبوومەکەی باد بەنی، بە ناونیشانی "Debi Tirar Mas Fotos"، شەشەم ئەلبوومی ستۆدیۆی ئەم هونەرمەندەیە، لە ئاستی ناوەڕۆکدا، زۆرینەی گۆرانییەکانی، سەبارەت بە پرسی جیابوونەوە، دڵشکان، بیرکردن و کێشە سۆزدارانەکانن، هەوادارانیش پێشبینی ئەوە دەکەن، باد بەنی، کاریگەرە بە جیابوونەوەی لە کێنداڵ جێنەر و ئەلبوومەکەی بۆ ئەو بەرهەمهێناوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم هونەرمەندە، ئامادەیی دەرنەبڕیوە وەڵامی داواکاریی هەوادارەکانی بداتەوە بۆ ئاشکراکردنی پەیامی راستەقینەی ئەم ئەلبوومە نوێیە و هەمووانی لە چاوەڕوانییدا هێشتووەتەوە.