ماوەی دوو ساڵە لە ئەمریکا ئەنفلۆنزای باڵندە لەناو ئاژەڵاندا بڵاوە، بەجۆرێک ڤایرۆسەکە لەناو جەستەی پەلەوەرەکان، مانگا، ماسی و نەهەنگدا تۆمارکراوە. تەنانەت لە بازاڕەکانی ئەمریکادا بە هەزاران بوتڵی شیر کشێنرانەوە لەبەرئەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندەیان تێدابوو.
لە سەرەتادا ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەنێو مرۆڤدا کەمبوون، بەڵام هەر لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، ترس لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشتبوو؛ هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە، سەرەڕای ئەوەی کاتێک کەسێک تووشدەبێت زۆر قورسە بۆ کەسێکی دیکەی بگوازێتەوە، بەڵام زۆر کوشندەیە. نزیکەی %50 بۆ %60ـی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، ئەگەر هەموو چارەسەرە بەردەستەکانیش وەربگرن، گیانلەدەستدەدەن.
لە ساڵی 2024ـەوە، 66 حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکراون. دوێنێ، حەوتی کانوونی دووەم، بۆ یەکەمینجار حاڵەتێکی مردن بەهۆی پەتاکەوە لە مێژووی ئەمریکادا تۆمارکرا.
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەو حاڵەتانەی تاوەکو ئێستا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراون کەمن، بەڵام ترسێکی بەردەوام لە گۆڕانی ڤایرۆسەکە هەیە.
بۆچی ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت؟
کاتێک ڤایرۆسێک دەچێتە ناو جەستەی زیندەوەرێکی دیکەوە، خانەکانی ئەو زیندەوەرە کۆنترۆڵدەکات و وەکو ئامێرێک بەکاریاندەهێنێت بۆ زیادبوونی خۆی. لە کاتی زیادبوونی ڤایرۆسەکەدا، دەکرێت هەڵەیەک لە کۆپیکردنی بۆماوە ماددەی ڤایرۆسەکەدا رووبدات. ئەگەر بێتوو بە نموونەیەک ئەوە روونبکەینەوە: با وایدابنێین وشەی "چاو" بۆماوە ماددەی ڤایرۆسەکەیە. داوا لە کەسێک دەکەین لەسەر کاغەزێک هەزار جار وشەی "چاو" دووبارە بنووسێتەوە، ئەگەر هەیە لە کاتی نووسینەوەی وشەکەدا، کەسەکە هەندێک هەڵە بکات، بۆنموونە بنووسێت حاو، جاو، چار، خاو. بەشێکی زۆر لەو هەڵانەی کە دەیانکات، وشەی بێواتای لێدەردەچێت، بەڵام دەشکرێت یەکێکیان واتای هەبێت، بۆنموونە "خاو". لەم نموونەیەدا، دەزانین کە وشەی چاو و خاو، دوو وشەی جیاوازن و تایبەتمەندیی جیاوازیان هەیە، پێناسەی دوو شتی جیاوازیش دەکەن. ئەوەش دەزانین کە هەرچەند کەسەکە زیاتر بنووسێت، ئەگەری هەڵەکردنی زیاترە، بۆنموونە ئەگەر 1000 جار وشەکە دووبارە بکاتەوە، لەوانەیە 15 هەڵەبکات، بەڵام ئەگەر 10,000 هەزار جار بینووسێتەوە، دەکرێت 50 هەڵەبکات.
لە ڤایرۆسەکەشدا هەمان شت روودەدات، کاتێک ڤایرۆسەکە خۆی کۆپیدەکاتەوە، بەردەوام هەڵە لە کۆپیکردنەوەی بۆماوە ماددەکەیدا روودەدات، بەشێک لەو هەڵانە هیچ واتایەکیان نییە، بەڵام لەناکاو دەکرێت هەڵەیەک رووبدات کە واتایەکی هەبێت و تایبەتمەندییەکی نوێ بە ڤایرۆسەکە بدات.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو ئاژەڵاندا، بەو واتایە دێت کە ڤایرۆسەکە زۆر زیاددەبێت و بەمەش ئەگەری دروستبوونی هەڵە لە بۆماوە ماددەکەیدا زۆر دەبێت. دەکرێت یەکێک لەو هەڵانە لەو شوێنەدا رووبدات کە بەرپرسە لە شێوازی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، واتە ئێستا ڤایرۆسەکە تایبەتمەندیی ئەوەی هەیە لە مرۆڤەوە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام ئەوکات لەوانەیە تایبەتمەندیی ئەوە وەربگرێت کە لەنێوان دوو مرۆڤدا بگوازرێتەوە.
ئەو ترسە بەتایبەت لەو کاتەدا زاڵە کە هاوشانی ئەنفلۆنزای باڵندە، پەتای وەرزیش لە ئەمریکا بڵاوە. پەتای وەرزی زۆر بەخێرایی لەنێوان خەڵکیدا دەگوازرێتەوە. ئەگەر بێتوو ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بەشێک لە بۆماوە ماددەی ڤایرۆسی پەتای وەرزی وەربگرێت و ئەو تایبەتمەندییە وەربگرێت کە لەنێوان خەڵکیدا بگوازرێتەوە، ئەوکات ڤایرۆسێک دروستدەبێت کە کوشندەیە، لە هەمان کاتدا هاوشێوەی پەتای وەرزی خێرا دەگوازرێتەوە.
هەرچەندە ئەمە تەنیا ئەگەرێکە، بەڵام ئەگەر بێتوو رووبدات، دەکرێت پەتایەکی مەترسیدار بەخێرایی جیهان بتەنێت و بەئاسانیش کۆنترۆڵنەکرێت. چونکە یەكێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی پەتای وەرزی، خێرا گۆڕانی ڤایرۆسەکەیە کە وادەکات بەئاسانی نەتوانرێت ڤاکسینێکی یەکجاری بۆ دروستبکرێت.