هەموو زانیارییە زانراوەکان دەربارەی ڤایرۆسە نوێیەکەی چین

گران جاف 08/01/2025
test

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە وڵاتی چین، ترسێکی زۆر لە دڵی دانیشتووانی جیهان بەگشتی دروستبووە و پێیانوایە هەمان سیناریۆی پەتای کۆڤید دووبارەدەبێتەوە، بەڵام ئایا ئەم ڤایرۆسە چییە و هەمان مەترسییەکانی کۆڤیدی هەیە؟

پسپۆڕان دەڵێن سەرەڕای هەموو لێکچوونەکان لەگەڵ پەتای کۆڤیددا، ئەم ڤایرۆسە زۆر جیاوازە و تاوەکو ئێستا هێندە مەترسیدار نییە.

ڤایرۆسەکە ناوی ڤایرۆسی مێتانیومۆی مرۆڤە و کورتکراوەکەی HMPVـە.

HMPV چییە؟

HMPV یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە ساڵانە لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و زیاتر کۆئەندامی هەناسە دەکات بە ئامانج. HMPV ڤایرۆسێکی باوە، بەجۆرێک زۆرکەس لە منداڵیدا تووشی دەبن و لە ژیانیاندا لەوانەیە چەند جارێک تووشی ببنەوە. لەو وڵاتانەی کە چەند مانگێک بەسەر یەکەوە کەشوهەوایەکی زۆر ساردیان هەیە، HMPV دەبێت بە ڤایرۆسێکی وەرزی تیایاندا، وەکو هەر پەتایەکی وەرزیی دیکە.

زۆربەی حاڵەتەکانی ئەم ڤایرۆسە حاڵەتی سادەن و نیشانەکانیان لە نیشانەی پەتایەکی ئاسایی دەچن، بەڵام دەکرێت بەشێک لە حاڵەتەکان توندبن و تووشبووان تووشی هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و سییەکان بکات، ئەو کەسانەشی کە بەو جۆرە توندە تووشی نەخۆشییەکە دەبن بریتیینلە منداڵان، گەورەساڵان، ئەو کەسانەی سیستمی بەرگرییان لاوازە، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر خۆیان نەخۆشییەک یان گرفتێکی سیستمی هەناسەدانیان هەبووە وەکو نەخۆشیی رەبۆ و تەسکبوونەوەی درێژخایەنی بۆرییەکانی هەناسە.

لەو وڵاتانەی کە پێشکەوتوون، ڤایرۆسەکە بە دەگمەن دەبێتەهۆی مردن. بەڵام لەو وڵاتانەی کە سیستمی تەندروستییان لاوازە، ڤایرۆسەکە بە شێوازێکی بەرچاو دەبێتەهۆی گیانلەدەستدان.

ئایا HMPV ڤایرۆسێکی نوێیە؟

نەخێر، ڤایرۆسی HMPV، ڤایرۆسێکی نوێ نییە و بۆ ماوەی نزیکەی 60 ساڵە هەیە، بەڵام سەرەتا لە ساڵی 2001ـدا ڤایرۆسەکە دەستنیشانکرا. لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسێکی نوێ نییە، بەڵام وەکو پەتای کۆڤید، پەتای وەرزی و پەتا باوەکانی دیکە ناسراو نییە، ئەمەش وایکردووە کە کاتێک کەسێک تووشی پەتایەکی ڤایرۆسی دەبێت هەتاوەکو لە نەخۆشخانە نەخەوێنرێت و پشکنینی تەواوی بۆ نەکرێت دەرناکەوێت کە تووشی HMPV بووە، ئەو کەسانەشی کە تووشی دەبن و ناچنە نەخۆشخانە بەهۆی لێکچوونی نیشانەکانەوە، هەر وەکو پەتایەکی وەرزیی ئاسایی لێکیدەدەنەوە و گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت. هەموو ئەمانەش هۆکارن بۆئەوەی کە ژمارەی تووشبووان روون و راست نەبێت.

HMPV چۆن بڵاودەبێتەوە؟

ڤایرۆسەکە لەڕێگەی پرژەی دەم و لووت لەکاتی کۆکە و پژمەدا بڵاودەبێتەوە، ئەمەش بە بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسانی تووشبوو یان رووبەرێک کە ڤایرۆسەکەی لەسەرە روودەدات.

واتە بە هەمان شێوازی پەتای وەرزی، کۆرۆنا و هەڵامەت بڵاودەبێتەوە.

نیشانەکانی HMPV چین؟

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، نیشانەکانی HMPV بریتینلە:

  • کۆکە
  • تا
  • لووتگیران
  • هەناسەتوندی
  • پەڵەی پێست
  • ئازاری قوڕگ
  • لووت ئاوکردن
  • خیزەی سنگ

ئەم نیشانانە لە حاڵەتە توندەکاندا پەرەدەسێنن بۆ هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و سییەکان، خرراپتربوونی دۆخی ئەو کەسانەی کە رەبۆیان هەیە و هەوکردنی گوێ.

ئایا ڤاکسین و چارەسەری هەیە؟

تاوەکو ئێستا هیچ پێکووتەیەک دژی ڤایرۆسی HMPV نییە. پسپۆڕان لە هەوڵی ئەوەدان کە ڤاکسینێک پەرەپێبدەن کە بتوانێت دژی HMPV و ڤایرۆسی R.S.Vـش کاربکات، چونکە ئەو دوو ڤایرۆسە زۆر لەیەک دەچن و ڤاکسین دژی R.S.V هەیە. هەروەها تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی تایبەت بە HMPV نییە و چارەسەرەکان تەنیا بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان بەکاردەهێنرێن.

راوبۆچوونی چین بەرامبەر بە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە HMPVلە وڵاتەکەدا چییە؟

دەسەڵاتدارانی چین بۆیاندەرکەوتووە کە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێوازێکی بەرچاو زیادیکردووە، بەڵام دەڵێن کە ڤایرۆسەکە ڤایرۆسێکی نەناسراو نییە و وەکو مەترسییەکی گەورە لێیناڕوانن. هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو کە هۆکاری ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتی بڵاوبوونەوەیدا قوربانی و ماکی گەورەی لێکەوتەوە ئەوەبوو کە ڤایرۆسەکە نوێ بوو، هەروەها سیستمی بەرگریمان ئاشنا نەبوو پێی، واتە بەرگریمان دژی نەخۆشییەکە نەبوو.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە 27ـی کانوونی یەکەمی 2024ـدا بەڕێوەچوو، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە چین ئاماژەی بەوەکرد کە حاڵەتەکانی تووشبوون لە منداڵانی خوار 14 ساڵدا زیادیانکردووە. ئەم زیادبوونە زیاتر لە باکوری چین بەدیکراوە و لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا حاڵەتەکانی ئەنفلۆنزاش زیادیانکردووە.

چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025، حاڵەتەکان زیاتریش ببن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئاماژە بەوەکراوە کە بە گوێرەی ئەم بارودۆخەی ئێستا، رێژەی بڵاوبوونەوە و توندیی نەخۆشییەکە و هەموو پەتاکانی دیکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە.

دەسەڵاتدارانی چین ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە سیستمێکی پشکنین دادەنێن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە هەوکردنی سییەکانیان هەیە، جا بە هەر هۆکارێک بێت.

نەخۆشییەکە چەند دەخایەنێت؟

ئەو کەسانەی کە بە سادەیی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، پاش نزیکەی هەفتەیەک چاکدەبنەوە، بەڵام ئەو کەسانەی کە نیشانەی توندتریان تێدا دەردەکەوێت، ماوەیەکی زیاتریان پێویستە بۆ چاکبوونەوە. لە بەشێک لە تووشبوواندا تەنانەت پاش چاکبوونەوەش هەندێک نیشانەیان تێدا دەمێنێتەوە و ماوەیەکی زیاتریان دەوێت تاوەکو بەتەواوی نامێنن، وەکو کۆکە.

لەکاتی تووشبووندا پێویستە چۆن ئاگاداری خۆت بیت؟

ئەگەر کەسێک بە سادەیی تووشی نەخۆشییەکە ببێت، پێویستناکات بچێتە نەخۆشخانە و هەر لە ماڵەوە دەتوانێت بەم شێوازانەی خوارەوە ئاگای لە تەندروستیی خۆی بێت تاوەکو چاکدەبێتەوە:

  • خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و شلەمەنییەکان بۆئەوەی تووشی وشکبوونەوە نەبێت
  • وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کە پێویستیان بە رەچەتەی پزیشک نییە وەکو دەرمانی ئازارشکێن، دەرمانی کۆکە و لووتگیران بۆئەوەی نیشانەکانی کەمترببنەوە. ئەگەر کەسە تووشبووەکە منداڵبوو، نابێت بەبێ راوێژکردن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕی منداڵان هیچ جۆرە دەرمانێکی پێبدرێت، چونکە بەشێک لەو دەرمانانەی کە بۆ پێگەیشتووان بێزیانن دەکرێت بۆ منداڵان گونجاو نەبن.

لە چ کاتێکدا پێویستە سەردانی فریاکەتنی خێرا بکەیت؟

پێویستە لەکاتی هەبوونی ئەم نیشانانەی خوارەوەدا بە خێراترین کات سەردانی یەکەی فریاکەوتنی خێرا بکەیت:

  • تای بەرز (سەروو 40 پلەی سیلیزی)
  • هەناسەتوندی
  • شینبوونی پێست یان لێو
  • خراپتربوونی نەخۆشییەکانی دیکە (ئەگەر هەبوو)

ئایا لەکاتی تووشبوون بە  HMPVـدا پپێویستدەکات دژەبەکتریاکان بەکاربهێنرێن؟

نەخێر،  HMPV ڤایرۆسە و دژەبەکتریاکان تەنیا دژی بەکتریا کاردەکەن. هەندێجار کەسانێک بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تووشی هەوکردنی سییەکان دەبن وەکو هەوکردنێکی دووەمی، لەم حاڵەتەدا پزیشک دەکرێت دژەبەکتریا بۆ چارەخوازەکە پێشنیازبکات، بەڵام گرنگە بزانرێت کە دژەبەکتریاکە بۆ هەوکردنەکەیە نەوەک بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی  HMPV.

شێوازەکانی رێگریکردن لە تووشبوون

دەتوانیت لەڕێگەی ئەم رێنماییانەی خوارەوە مەترسیی تووشبوونت بە ڤایرۆسی HMPV و نەخۆشییە گوزراوەکانی دیکە کەمبکەیتەوە:

  • شوشتنی دەستەکان بە ئاو و سابوون، ئەگەر لە شوێنێک ئاوی لێنەبوو دەکرێت پاککەرەوە کحولییەکان بەکاربهێنرێن
  • لەکاتی کۆکە و پژمە باشترە دەم و لووت بە کلێنس دابپۆشرێن، ئەگەر کلێنس نەبوو، پێویستە بە ئانیشک دەم و لووت دابپۆشرێن و ناو لەپی دەست بۆ ئەو مەبەستە بەکارنەهێنرێت
  • دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە نیشانەکانی پەتایان پێوە دیارە
  • لە ئەگەری نەخۆشکەوتندا پێویستە دەمامک بەکاربهێنرێت بۆئەوەی رێگری لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە بکرێت
  • نابێت دەست لە رووخسار، چاو، لووت و دەم بدرێت
  • نابێت کەوچک، چەتاڵ و کوپی کەسانی دیکە بەکاربهێنرێن
08/01/2025