چەند سیناریۆیەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کۆمیسیۆن لە ئارادایە

لۆگۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق

ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، هەفتەى داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەران دەست بە کۆبوونەوەکانى دەکاتەوە و بڕیار دەدات تەمەنى کۆمیسیۆن درێژبکاتەوە یان داوا لە ئەنجوومەنی دادوەرى بکات ناوى نوێیان بۆ بنێرن بۆئەوەى کۆمیسیۆنێکى نوێ هەڵبژێرن.

کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەکەناڵ8ـى راگەیاند، سێ سیناریۆ لەئارادایە بۆ چارەسەرى کێشەى کۆمیسیۆن یەکەمیان ئەوەیە وادەى کارکردنى ئەم کۆمیسیۆنەى ئێستا درێژبکرێتەوە یان بەهۆى ئەوەى تەمەنى یاساییان بەسەرچووە، جارێکى تر متمانە بەهەمان ئەو ئەندامانە ببەخشێتەوە.

گوتیشى، سیناریۆى سێیەم ئەوەیە، ئەنجوومەنى نوێنەران داوا لە ئەنجوومەنى دادوەریی هەڵبژاردن بکات ناوى نوێیان بۆ بنێرن بۆئەوەى کۆمیسیارى نوێ هەڵبژێرن.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەرلەئەنجامدانى کۆبوونەوە لەسەر یەکێک لەو سیناریۆیانە بگەنە رێکەوتن، رۆژى پێنجشەممە پشووەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی دێت و هەفتەى داهاتوو دەست بەکۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە.

تەمەنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان لە رۆژى 6ـى کانوونى دووەم کۆتایی هات و ئەنجوومەنى نوێنەران رۆژى پێنجى ئەم مانگە هەوڵیدا تەمەنى کۆمیسیۆن درێژبکاتەوە بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.