لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە خواردنەوە شەکردارەکانی وەکو خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە جۆراوجۆرەکان، پەیوەستن بە ملیۆنان تووشبووی نوێی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە ساڵانە ئەم خواردنەوانە پەیوەستن بە نزیکەی 2.2 ملیۆن تووشبووی نوێی نەخۆشیی شەکرە، هەروەها 1.1 ملیۆن کەسیش ساڵانە بەهۆیەوە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی نەیچەردا بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی %24ـی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2020ـدا تووشی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بوون، بەهۆی خواردنەوە شەکردارەکانەوە بووە.
کاریگەرییەکانی خواردنەوە شەکردارەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێن بەجۆرێک لە کۆڵۆمبیا، ئەم خواردنەوانە پەیوەستبوون بە نزیکەی (%48) واتە نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو دەبن. هاوکات لە ئەفریقای باشوور، ئەم رێژەیە جیاوازە و خواردنەوە شەکردارەکان ساڵانە هۆکارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە بەڕێژەی %27.6 و نەخۆشییەکانی دڵ بەڕێژەی %14.6.
خواردنەوە شەکردارەکان بەشێوازێکی خێرا رێژەی شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهاخۆراکییەکانیان کەمە. هەربۆیە خواردنەوەی بەردەوامیان بۆماوەیەکی زۆر دەبێتەهۆی زیادبوونی کێش، دروستبوونی بەرگریی خانەکان دژی ئنسۆلین و چەند گرفتێکی دیکەی پەیوەست بە زیندەچالاکییەوە، هەموو ئەمانەش هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ.