پێدەچێت خواردنەوە شەکردارەکان تامێکی تاڵ بە ژیانی ئەوانە ببەخشن کە دەیانخۆنەوە، چونکە توێژینەوەیەکی نوێ ئامارێکی مەترسیدار لەسەر زیانی ئەو خواردنەوانە دەخاتەڕوو.
توێژینەوەکە، پشتی بە داتای کۆکراوەی 10 ساڵ بەستووە. دەریخستووە ساڵانە نزیکەی 2.2 ملیۆن حاڵەتی شەکرەی جۆری دوو و نزیکەی 1.2 ملیۆن حاڵەتی نەخۆشییەکانی بۆریی خوێن و دڵ بەهۆی خواردنەوە شەکردارەکانەوە تۆماردەکرێن، هەروەها ئەو خواردنەوانە دەبنەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 340 هەزار کەس.
بەشی زۆری ئەو نەخۆشی و گیانلەدەستدانە بەر وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەکەوێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا رێژەی بەکارهێنانی خواردنەوە شەکردارەکان زۆر زیادیکردووە، شێوازی ژیانیشیان یارمەتیدەر نییە لە قەرەبووکردنی زیانەکانی ئەو ماددانە.
توێژینەوەیەکی دیکە، کە لە ساڵی 2010 لە گۆڤاری زانستیی Circulationـدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات لەو ساڵەدا نزیکەی 184 هەزار کەس بەهۆی خواردنەوە شەکردارەکانەوە گیانیانلەدەستداوە؛ ئەمە بەو واتایە دێت کە لەو کاتەوە، گیانلەدەستدان بەهۆی خواردنەوە شەکردارەکانەوە لەسەر ئاستی جیهان دووهێند بووە.
کاریگەریی خواردنەوە شەکردارەکان راستەوخۆ دەرناکەوێت، بەڵکو لەڕێگەی تووشبوونی کەسەکە بە نەخۆشییە زیندەچالاکییەکانەوە دروستدەبێت. ئەوانەی ئەو خواردنەوانە دەخۆنەوە، تووشی نەخۆشییەکانی وەکو قەڵەوی، شەکرە، بەرزەفشاری خوێن، جەڵتەی دڵ و مێشک، نەخۆشییەکانی گورچیلە و چەندین نەخۆشیی دیکە دەبن؛ بەتایبەت قەڵەوی کە لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بە گوێرەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری زانستیی لانسێت، نزیکەی ملیارێک کەس لە جیهاندا قەڵەون.
هەرچەندە توێژینەوەکە پشتی بە بڕێکی زۆر داتا لە 185 وڵاتی جیاوازەوە بەستووە، بەڵام یەکێک لە لاوازییەکانی ئەوەیە کە ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە هۆکاری مردنەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ خواردنەوە شەکردارەکان، بەڵکو ئەنجامەکانی توێژینەوەکە تەنیا مەزەندەیەکن بۆ زیانەکانی خواردنەوە شەکردارەکان.