هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ چین و چۆن خۆمان بپارێزین؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە

test
د. دانا حەمەباقی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە

نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە بڵاوترین گرفتەکانی سەردەمن و بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەم جۆرە نەخۆشییانە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن لە جیهاندا. رێکخراوەکە دەڵێت ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆن کەس، واتا زیاتر لە 30%ـی هەموو مردنەکانی جیهان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنەوەن و 85%ـی ئەم رێژەیە بەهۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشکەوە بووە.

د. دانا حەمەباقی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەیە و هاوکات بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی دڵی سلێمانییە، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە هۆکارەکانی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ و جەڵتەی کرد و چەند رێگەچارەیەکی بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشییەکان خستەڕوو.

پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی دڵ کێشانی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەی بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ دانا؛ "جگەرە، نێرگەکە و جگەرە ئەلیکترۆنییەکان و هەموو جۆرەکانی کێشانی تووتن زیان بە دڵ دەگەیەنن و تەنانەت نابێت بچینە ئەو شوێنانەش کە جگەرەیان تێدا دەکێشرێت".

د. دانا حەمەباقی وەرزشنەکردن و کێشزیادیی وەکو دوو هۆکاری دیکەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دانا، گوتی دەبێت تاوەکو بتوانین بجوڵێین و وەرزش بکەین، بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمەڵەی پزیشکانی دڵ لە ئەورووپا دەبێت لانیکەم هەفتەی چوار رۆژ و رۆژانە چل خولەک وەرزش بکرێت.

"خۆراکی ناتەندروست و بەرزیی چەورییەکانی خوێنیش مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکەن" پسپۆڕەکە گوتی، "دەبێت خواردنی خێرا نەخۆین و لە چەورییە زیانبەخشەکان بەدووربین، هەروەها زیاتر گرنگی بە خواردنی ماسی، گوێز و چەرەسەکان، سەوزە و میوە بدەین".

هەندێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانیش مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ زیاددەکەن، لەوانەش نەخۆشیی شەکرە و بەرزەفشاری خوێن، پسپۆڕەکە دەڵێت ئەو کەسانەی ئەم گرفتانەیان هەیە  وگرفتەکانیان کۆنترۆڵنەکراوە یان لەژێر چاودێریی وردی پزیشکدا نین مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زۆر زیاترە لە کەسانی ئاسایی.

د. دانا حەمەباقی گوشاری دەروونیی بەردەوامی وەکو یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە دانا کە مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکەن، چونکە دەبنەهۆی هەوکردنی درێژخایەن و فشاری خوێن بەرزدەکەنەوە.

مێژووی خێزانیی نەخۆشییەکانی دڵیش مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات. د. دانا حەمەباقی دەڵێت: ئەو کەسانەی کەسێکی پلە یەک لە خێزانەکەیان، دایک و باوک یان خوشک و  برا، تووشی جەڵتەی دڵ بوون لە تەمەنێکی پێشوەختدا - پیاوان پێش 50 ساڵ و خانمان پێش 65 ساڵ، مەترسییان زیاترە تووشی ئەم نەخۆشییانە بن و دەبێت لە تەمەنێکی زوودا لای پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی دڵ پشکنینی دڵیان بکەن.