نەخۆشییەکانی دڵ لە سەرانسەری جیهاندا بە باوترین جۆری نەخۆشی و سەرەکیترین هۆکاری مردن دادەنرێن، یەکێک لە نیشانەکانی جەڵتەی دڵیش بریتییە لە ئازاری سنگ. ئایا بەڕاستی هەموو ئازارێکی سنگ مەرجە هۆکارەکەی جەڵتەی دڵ یان گرفتێکی دڵ بێت؟
گرنگە بزانرێت کە مەرج نییە هەموو ئازارێکی سنگ هۆکارەکەی گرفتێکی دڵ بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت بە هیچ جۆریک پشتگوێبخرێت.
د. جەمال کەریم رەحیم، پزیشکی پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 بە کورتی باسی لە چۆنێتیی جیاکردنەوەی ئازاری دڵ و ئازاری سنگ کرد.
سەرەتا دکتۆر جەمال کەریم باسی لە ئەو ئازارانەی سنگ کرد کە هۆکارەکەیان جەڵتەی دڵە و گوتی " ئازاری دڵ راستەوخۆ لەسەر سنگە و بڵاودەبێتەوە بە هەموو سنگدا، پاشان دەکرێت بڵاوببێتەوە بۆ سەر شانەکان، قوڕگ و دەستی چەپیش، هەندێجار کەسەکە لە گەدەیدا هەست بە ئازارەکە دەکات و پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت هۆکارەکەی دەستنیشانبکات"
پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوەکرد کە لەکاتی هەستکردن بە هەریەکێک لەو نیشانانەدا گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ یان پزیشکی پسپۆڕی هەناوی بکرێت بۆئەوەی لە حاڵەتەکە دڵنیا ببنەوە "کاتێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەکرێت، گرنگە کە هێڵکاریی دڵ بۆ چارەخوازەکە ئەنجامبدرێت و هەندێجار پشکنینی خوێنیش گرنگە، بۆئەوەی ئەگەر چارەخوازەکە هەر گرفتێکی دڵی هەبوو دەستنیشانبکرێت"
سەبارەت بە ئەو ئازارانەی دیکەی سنگ کە هۆکارەکەیان گرفتی دڵ نییە، د. جەمال کەریم گوتی " ئەگەر کەسێک ئازاری سنگی هەبێت، بە هەموو سنگیدا بڵاوببێتەوە، ئارەقبکاتەوە، تووشی دڵتێکەڵهاتن ببێت و رەنگی سپی ببێت، ئەوا گرفتەکە پەیوەست نییە بە دڵەوە"
هەر سەبارەت بە ئازاری سنگ پسپۆڕەکە گوتیشی " ئازارێک کە تەنیا 10 بۆ 20 خولەک بخایەنێت و رۆژانە چەند جارێک چارەخوازەکە ناڕەحەت بکات، ئەوا ئازاری دڵ نییە و ئازاری سنگە. بە گشتی ئازاری سنگ کە هۆکارەکەی دڵ نەبێت، لەگەڵ ماندوبوون و هاتوچۆکردندا خراپتردەبێت و لەگەڵ دانیشتن و پشووداندا کەمتردەبێتەوە"
ئازاری سنگ یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی کە وادەکات ساڵانە ژمارەیەکی زۆری چارەخواز سەردانی نەخۆشخانە بکەن. ساڵانە تەنیا لە ئەمریکا، نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس بەهۆی ئازاری سنگەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و هۆکاری ئازارەکە لە نیوەیاندا پەیوەستنییە بە تەندروستیی دڵەوە.