/

خواردنەوەی کووپێک شیر مەترسیی شێرپەنجەی کۆڵۆن کەمدەکاتەوە

بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی نوێ و فراوان، خواردنەوەی کووپێكی گەورەی شیر مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی نەیچەردا بلاوکراوەتەوە دەریدەخات، وەرگرتنی 300 میلیگرام کالسیۆم کە دەکاتە کووپێکی گەورەی شیر (کووپێکی نیو لیتری)، بەڕێژەی 17% مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن کەمدەکاتەوە.

هەر لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە سەرچاوەکانی دیکەی کالسیۆم، بۆ نموونە ئەو شیرە رووەکییانەی بە کالسیۆم دەوڵەمەند کراون هەمان کاریگەریی شیری سروشتییان هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکەدا.

شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لە بڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە و لە هەرێمی کوردستان و جیهانیشدا سێیەم بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە، ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ئەم جۆرەی شێرپەنجە دەبن و نزیکەی ملیۆنێک کەس بەهۆی شێرپەنجەکەوە گیانلەدەستدەدەن.

پێشبینیی ئەوە دەکرێت تاوەکو ساڵی 2040 ژمارەی تووشبوونی ساڵانە لە جیهاندا بگاتە 3.2 ملیۆن کەس و 1.6 ملیۆنیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانلەدەستبدەن، بەگوێرەی توێژینەوەیەک هۆکاری ئەمە بۆ زیادبوونی وڵاتە دەوڵەمەندەکان دەگەڕێتەوە.

بەهۆی هەندێک هۆکاری نەزانراوەوە لە جیهاندا حاڵەتەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن، بەتایبەتی لەناو گەنجاندا، روویان لە زیادبوونە. لە بەدواداچوونەکانی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8ـدا ئەوە دەرکەوتووە کە هاوشێوەی جیهان لە هەرێمی کوردستانیش حاڵەتەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن لە گەنجاندا رووی لە زیادبوون کردووە و ئێستا ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەکە لە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان نزیکبووەتەوە. لە بەریتانیاش ژمارەی تووشبووانی تەمەن 25 بۆ 49 ساڵ لەنێوان ساڵی 1990 بۆ 2018ـدا بەڕێژەی 22% زیادیکردووە.

هەرچەندە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەکە بەتەواوی نەزانراوە، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دەکرێت لەڕێگەی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و خۆراکەوە رێگە لە زیاتر لە نیوەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەکە بگیرێت. دابەزاندنی کێش، زۆرخواردنی ریشاڵەکان، کەمکردنەوەی کحولم وەرزش و جووڵە و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە دەکات. هەر بەگوێرەی توێژینەوەکان ئەوە دەرکەوتووە کە یەک لە پێنج حاڵەتی شێرپەنجەی کۆڵۆن پەیوەندیی بە خواردنی زۆری گۆشتی سوور و گۆشتە دەستکاریکراوەکانەوە هەیە.

لەو توێژینەوەیەدا کە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خواردنەوەی شیر و شێرپەنجەی کۆڵۆن کراوە، داتای زیاتر لە 540 هەزار خانم وەرگیراوە و نزیکەی 17 ساڵ هەڵسەنگاندنیان بۆ شێوازی ژیان و خۆراکیان کردووە. دەرکەوتووە گۆشتی سوور و کحول مەترسیی شێرپەنجەکە زیاددەکەن و ئەو خواردنانەی کالسیۆمیان تێدایە مەترسیی شێرپەنجەکە کەمدەکەنەوە.

توێژەرەکان ئەوەیان دەرخستووە کە خواردنەوەی 20 گرام زیاتری کحول لە رۆژێکدا، کە دەکاتە پەرداخێکی گەورەی شەراب، بەڕێژەی 15% مەترسیی شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکات، لەکاتێکدا خواردنی 30 گرام زیاتری گۆشتی سوور 8% مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاددەکات.