ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، بەرشلۆنە لە جامی سوپەری ئیسپانیا رووبەڕووی ئەتلەتیک بلباو دەبێتەوە و شەڕ لەسەر بلیتێکی قۆناغی کۆتایی جامەکە دەکەن.
ئەگەر بەرشلۆنە بگاتە یاریی کۆتایی ئەوا بە ئەگەری لە ٪80 جامەکە بەدەستدەهێنێت، هۆکارەکەش هانسی فلیکی راهێنەرە.
پێشتر گووتویانە ئەڵمان و زەمان، چونکە فلیکی ئەڵمانی شارەزایە لە بردنەوەی یارییەکانی کۆتایی و کاتێکیش لە بایرن میونشن بوو ئەم خاڵەی بۆ هەموو رکابەرەکانی سەلماند.
ئەم وەرزە بەرشلۆنە لە گەورەکانی بردووەتەوە، بەتایبەت لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا هەر رکابەرێکی تووشببێت هەر لەم وەرزە لێ بردووەتەوە، بۆ نمونە لە بلباو، ریاڵ مەدرید و مایۆرکاشی بردووەتەوە.
ئامارەکانی هانسی فلیک لە بایرن میونشن لە یارییەکانی کۆتایی بەم شێوازە بوو:
- 2019-2020 یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لە پاریس سانجێرمان بردەوە
- 2020-2021 یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکانی لە تایگەرز مەکسیکۆ بردەوە
- 2020-2021 یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای لە سێڤییا بردەوە
- 2020-2021 یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەڵمانیای لە دۆرتمۆند بردەوە
- 2019-2020 یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیای لە لیڤەرکوزن بردەوە
هانسی فلیک تەمەنی 59 ساڵە، لەم وەرزەدا و لەگەڵ بەرشلۆنە لە 26 یارییدا، 18 بردنەوە و دوو یەکسانبوون و شەش شکستییان تۆمارکردووە.