عەلی عەلاق: هیچ کێشەیەکی داراییمان نییە کە بەربەست بۆ مووچە دروستبکات

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دڵنیای دەدات کە لە 2025ـدا هیچ گرفتێکی دارایی نابێتە بەربەست لەبەردەم پێدانی مووچەی مووچەخۆران و دەشڵێت، "بەردەوامین لە سنووردارکردنی سپیکردنەوەی دۆلار."

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، " عێراق خاوەن یەدەگێکی دراوی بەهێزە لە رێگەی سەرچاوەکانی و دەتوانێت خواستیش بۆ کڕینی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا دابینبکات".

راگەیەندراوەکەی پارێزگاری بانکی ناوەندی لەکاتێکدایە، دەنگۆی کەمبوونەوەی پارەی نەختینەیی لە عێراقدا هەیە و ترس هەیە لەوەی گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبکات، چونکە مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ بەشێک لە مووچەخۆرانی عێراق دواکەوت و لە کاتی خۆیدا دابەشنەکرا.

هاوکات، لەبارەی سنووردارکردنی سپیکردنەوەی دۆلار لە وڵاتانی دەرەوەی عێراق عەلی عەلاق دەڵێت، " پرۆسەی کارکردن بۆ بەبانکیکردن و پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ئاستێکی زۆر باش و پێشکەوتوودایە و دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران سەرکەوتووبووە و سەرجەم رێکارە نوێیەکان هۆکاربوون بۆ سنوردارکردنی سپیکردنەوەی دۆلار".

هەروەها پارێزگارەکەی بانکی ناوەندی لەبارەی حەواڵەکردنەوە دەڵێت، "حەواڵە هاتووەکانمان سنوردارکردووە بە مامەڵەکردن بە دینارەوە و رێگەمان بە بانکەکان داوە هاوردەی دۆلار بکەن و توانیومانە رێگە لە سپیکردنەوە و قاچاغچێتی بە دۆلارەوە بکەین".

دڵنیاییەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی سنووردارکردنی سپیکردنەوەی دۆلار لەکاتێدایە، هێشتا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە نزمیدا ماوەتەوە و بەراورد بە نرخی فەرمی نزیکەی 20 هەزار دینار جیاوازیی هەیە لە هەر 100 دۆلارێکدا، رێکارەکانی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران ئاسان نییە و بە ئەستەم بەدەست دەکەوێت، بەگشتیش مامەڵەکاران نیگەرانن لەو بڕە دۆلارەی رۆژانە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە بەوەی کە بەشی پێداویستی ناوخۆ ناکات.