لە کۆتا کۆنفراسی رۆژنامەوانیی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەکرد کە پاش ماوەیەکی کورت، سیستمێکی نەشتەرگەریی رۆبۆتی دەهێنرێتە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر.
لەم راپۆرتەدا بە وردی باس لەو سیستمە رۆبۆتییە کراوە.
سیستمی نەشتەرگەریی رۆبۆتی دا ڤینچی چییە؟
لێرەدا گرنگە بزانرێت کاتێک دەگوترێت لە نەشتەرگەرییەکدا رۆبۆت بەکاردەهێنرێت، مانای ئەوە نییە کە رۆبۆتەکە نەشتەرگەرییەکە ئەنجامدەدات، بەڵکو بە جۆرێکە کە پزیشکی نەشتەرگەر لەڕێگەی کۆنترۆڵردنی رۆبۆتەکەوە نەشتەرگەرییەکە بە شێوازێکی ئاسانتر، وردتر و روونتر ئەنجامدەدات، هەروەک چۆن مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە شوێنێکەوە بڕوات بۆ شوێنێکی دیکە.
سیستمی نەشتەرگەریی رۆبۆتیی دا ڤینچی، سیستمێکی رۆبۆتییە کە چوار پەلی باریکی هەیە، ئەم پەلانە لە توانایاندایە چەندین جوڵەی خێرا و جیاواز ئەنجامبدەن کە دەستی مرۆڤ ناتوانێت بیانکات، واتە پزیشکی نەشتەرگەر دەتوانێت پەلەکانی رۆبۆتەکە کۆنترۆڵبکات.
ئامێرەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە وەکو:
- بەشی کۆنترۆڵکردن: پزیشکی نەشتەرگەر لە بەشی کۆنترۆڵدا دادەنیشێت، لەڕێگەی دەست و قاچییەوە بەشە جیاوازەکانی سیستمەکە کۆنترۆڵدەکات، لە هەمان کاتدا، وێنەیەکی سێ دووریی کوالێتی بەرزی شوێنی نەشتەرگەرییەکەی لەبەرچاو دەبێت.
- بەشی چارەواز: ئەم بەشەی سیستمەکە تایبەتە بە دانانی پێداویستییەکانی نەشتەرگەرییەکە لەگەڵ ئەو کامێرایەی کە گرتەکانی نەشتەرگەرییەکە بۆ پزیشکەکە دەگوازێتەوە.
- شاشە: سیستمەکە شاشەیەکی لەگەڵدایە کە پزیشکەکە دەتوانێت بەڕوونی هەموو وردەکارییەکانی نەشتەرگەرییەکە ببینێت.
جیاوازی نێوان نەشتەرگەرییەک کە ئەم سیستمەی تێدا بەکاردەهێنرێت چییە لەگەڵ نەشتەرگەرییەکی کراوە؟
بەکارهێنانی ئەم سیستمە وادەکات لەکاتی نەشتەرگەریدا پێویستنەکات بڕینی گەورە بۆ شوێنی نەشتەرگەرییەکە بکرێت، واتە بڕینی بچوک بەکاردەهێنرێت کە درێژییەکەی تەنیا سانتیمەترێک یان کەمتربێت، ئامێری زۆر بچوکی نەشتەرگەری و تەقەڵی کەمتر بەکاردەهێنرێن، هەروەها ناوبینیشی تێدا بەکاردێت.
لە نەشتەرگەریی کراوەدا پێویستە بڕینێکی زیاتر بۆ شوێنی نەشتەرگەرییەکە بکرێت، بەمەش زیانێکی گەورە بەر شانەکانی ناوچەی نەشتەرگەرییەکە دەگات، ئازاری زیاتر بۆ چارەخوازەکە دروستدەبێت و ماوەیەکی زیاتریشی پێویستە بۆ سارێژبوونەوەی.
هەروەها لە نەشتەرگەریی کراوەدا ناوبینی بەکارنایەت و پزیشکەکە زیاتر پشت بە توانای بینینی چاوی خۆی دەبەستێت.
ئەم سیستمە رۆبۆتییە دەکرێت لە چ جۆرە نەشتەرگەرییەکدا سوودبەخش بێت؟
سیستمی نەشتەرگەریی رۆبۆتی وا دیزاینکراوە کە بتوانێت لە چەندین نەشتەرگەریی جیاوازدا سوودی هەبێت. بەڵام مەرج نییە هەموو جۆرێکی ئەم سیستمە لە هەموو وڵاتێک یان هەموو نەخۆشخانەیەک هەبێت.
ئەو نەشتەرگەرییانەی دەکرێت سیستمەکەی تێدا بەکاربهێنرێت بریتینلە:
نەشتەرگەرییەکانی دڵ:
- نەشتەگەریی چاککردنەوەی زمانەی دڵ
- نەشتەرگەریی چاندنەوەی بۆریی خوێنی دڵ
نەشتەرگەرییەکانی کۆڵۆن و رێکە
- نەخۆشیی کرۆن
- شێرپەنجەی کۆڵۆن
- هەوکردنی گیرفانەکانی ریخۆڵە
- هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵە
- تەقین یان گیرانی ریخۆڵە گەورە
- فتقی کۆم
نەشتەرگەرییە گشتییەکان
- نەخۆشییەکانی جگەر
- گرفتەکانی گەدە
- گرفتەکانی پەنکریاس
- گرفتەکانی ریخۆڵە
- گرفتەکانی تورەکەی زراو
نەشتەرگەرییەکانی ژنان و منداڵبوون
- نەشتەرگەریی دەرهێنانی منداڵدان
- ئازاری حەوز
- خوێنبەربوونی نائاسایی
- گۆشتی زیادەی منداڵدان
- فتقی ئەندامەکانی حەوز
- چارەسەرەکانی میزڕانەگرتن
- شلیی ملی منداڵدان
- شێرپەنجە
نەشتەرگەرییەکانی سەر و مل
نەشتەرگەرییەکانی سنگ
نەشتەرگەرییەکانی میز و میزەڕۆ
- گەورەبوونی پڕۆستات
- شێرپەنجە
- گرێ بێزیانەکان
سوود و زیانەکانی ئەم سیستمە چین؟
پزیشکانی نەشتەرگەر دەتوانن نەشتەرگەرییە ئاڵۆز و هەستیارەکانیش بەم سیستمە لەڕێگەی چەند کونێکی بچوکەوە ئەنجامبدەن.
سوودەکانی ئەم سیستمە بریتینلە:
لەکاتی نەشتەرگەرییەکەدا:
- لەدەستجوونی بڕێکی کەمتر لە خوێن
- زەبرێکی کەمتر بەر شانەکانی جەستە دەکەوێت
- بڕینی کەمتر و بچوکتر بەکاردەهێنرێن
لە پاش نەشتەرگەرییەکەدا:
- ئازاری کەمتر
- جێبرینی کەمتر
- ماکی کەمتر
- چارەخوازەکە ماوەیەکی کەمتر لە نەخۆشخانە دەمێنێ
- تەوە
- ساڕێژبوونەوەی جێنەشتەرگەرییەکە ماوەیەکی کەمتری پێدەچێت
- لە ماوەیەکی کەمتردا چارەخوازەکە دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی
- ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن کەمتردەبێتەوە
زیانەکان:
- نەشتەرگەرییەکە کاتێکی زیاتر دەخایەنێت
- دەکرێت نرخی نەشتەرگەرییە زیاتر بێت