پسپۆڕێکی گورچیلە و میزەڕۆ: پێویستە هەموو پیاوێکی سەروو 40 ساڵ ئەم پشکنینە بکات

test
د. شیاو مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکیی پیاوان

پرۆستات ئەندامێکی شێوە گوێزییە لە پیاواندا و یارمەتیی دروستکردنی شلەی تۆو دەدات و کارئاسانی بۆ رەوانەکردنی سپێرم دەکات. شێرپەنجەی پرۆستات یەکێکە بڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە و چوارەم بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا.

زۆرینەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پرۆستات بە هێواشی گەشە دەکەن و لەناو پرۆستات خۆیدا دەمێننەوە و خانە شێرپەنجەییەکان بۆ شانەکانی چواردەوری ئەندامەکە تەشەنەناکەن. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا خانە شێرپەنجەییەکان تەشەنەدەکەن و لەوانەیە بەخێرایی بگوازرێنەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستبکەن.

د. شیاو مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکیی پیاوان، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە شێرپەنجەی پرۆستات کرد و گوتی "بەداخەوە پیاوان بەدوای ئەم گرفتەدا ناچن، تەمبەڵن و کەمتر بەدوای تەندروستیی خۆیانەوەن".

پسپۆڕەکەی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکی گوتی: ئەو پیاوانەی تەمەنیان سەروو 40 ساڵە و بەتایبەتی کاتێک تەمەنیان دەگاتە سەروو 45 ساڵییەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی گەورەبوونی پرۆستات یان شێرپەنجەی پرۆستات هەیە.

"بە پشکنینێکی زۆر ئاسان دەکرێت لە تەمەنێکی کەمدا و لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییدا شێرپەنجەی پرۆستات دەستنیشانبکرێت" د. شیوا مەحمود گوتی، "پشکنینەکەش بریتییە لە پشکنینی PSA".

بە پشکنینێکی زۆر ئاسان دەکرێت لە تەمەنێکی کەمدا و لە قۆناغێکی سەرەتاییدا شێرپەنجەی پرۆستات دەستنیشانبکرێت

د. شیاو مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکیی پیاوان

پسپۆڕەکە گوتی ئەم پشکنینە لە پێش تەشەنەکردنی شێرپەنجەکەوە و لە قۆناغە هەرە سەرەتاکاندا دەکرێت نەخۆشییەکە دەستنیشانبکات؛ "کاتێک پیاوێک پشکنینی کۆمی بۆ دەکرێت لەلایەن پزیشکەوە و هەست بە گرێیەک دەکرێت لە پرۆستاتیدا، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە شێرپەنجەکە بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەیکردووە، بەڵام پشکنینێکی سادەی خوێن زۆر زووتر پێمان دەڵێت کەسەکە نەخۆشییەکەی هەیە یان نا و بە شێوەیەکی ئاسان چارەسەری بۆ دەکرێت".

د. شیاو مەحمود جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە پیاوان ئەم هۆشیارییەیان هەبێت و لە تەمەنی سەروو 40 ساڵەوە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ بکەن بۆ ئەوەی ئەم پشکنینەیان بۆ بکرێت.