نوێترین توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە موزیک و دەنگەکان کاریگەریی دەروونی و جەستەییان لەسەر مرۆڤ هەیە، هەندێک جاریش یارمەتیدەرە بۆ بیرکەوتنەوەی ئەزموون و بەسەرهاتە خۆشەکان. پسپۆڕانی تەندروستی هەمیشە لە گەڕاندان بۆ دۆزینەوەی کاریگەرییە جیاوازەکانی موزیک لەسەر تەندروستیی مێشک و جەستە.
د. نەشمیل رەسووڵ، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە کاریگەریی و سوودەکانی گوێگرتن لە موزیک کرد و جەختیکردەوە "لە دێرزەمانەوە مرۆڤ موزیک بۆ ئارامکردنەوەی دەروون و تەنانەت چارەسەری هەندێک گرفتی تەندروستی بەکاردەهێنێت، زانای بەناوبانگی ئیسلامی فارابی لەکۆنەوە باسی لە چارەسەر بە موزیک کردووە".
پسپۆڕەکەی نەخۆشییە دەروونییەکان باسی لەوە کرد کە هەر کولتوور و موزیکی تایبەت بە خۆی هەیە و بەگشتی لە توێژینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە کە موزیکە کولتورییەکان یان ئەو موزیکانەی کەسەکە یادەوەرییەکی خۆشی لەگەڵیاندا هەیە، سوودێکی زیاتر بە دەروونی گوێگرەکە دەگەیەنن.
سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی موزیکەکان، پسپۆڕەکە گوتی "بۆ ئەو کەسانەی ماندوون و لە کار دەگەڕێنەوە باشترە گوێ لە موزیکێکی ئارام بگرن بۆ ئەوەی مێشکیان بخەوێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی دڵتەنگ و بێزارن باشتر وایە گوێ لە موزیکێکی خێراتر بگرن".
پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کرد ئێستا چارەسەر بە موزیک لە سەنتەرە پێشکەوتووەکانی جیهاندا بەکاردەهێنرێت، لەم سەنتەرانەدا ئەو جۆرە موزیکانە بەکاردێت کە ریتمێکی دووبارەیان هەیە.
کاریگەریی موزیک وەکو کاریگەریی دەنگەکانی دیکە نییە لەسەر مێشک، زانایان بە بەکارهێنانی پشکنینی وێنەی موگناتیسیی مێشک، بۆیان دەرکەوتووە موزیک کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی مێشک هەیە؛ بۆنموونە ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە هەست و سۆز و جووڵەوە هەیە. هەر ئەمەشە وایکردووە ئێستا تووشبووانی نەخۆشییەکانی جوڵە، لەوانەش نەخۆشیی پارکینسن، دەکرێت سوود لە موزیک وەربگرن.