بلینکن: لە هەوڵداین بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە کورد لە سووریا

test
ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، واشنتن لەگەڵ ئەنقەرە لەهەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە کورد لە سووریا، بەردەوامى کارەکانی هەسەدەش بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵنەدانەوەی داعش بە گرنگ دەزانێت.

بلینکن لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژان نۆوێل بارۆ هاوتا فەڕەنسییەکەى لە پاریس رایگەیاند، چارەسەرکردنی ئەو دۆخە سەربازییەی سووریا پێویستی بە کاتە، گوتیشی "ئەو گرژییانەی ئێستا لە سووریا روودەدەن، لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ململانێ، ئێمە بە بەردەوامی کار دەکەین بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ململانێکان".

بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی بوونی ئەندامانى سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە سووریادا رەوان، دوای رووخانی دەسەڵات ئەسەد داوایانکردووە بڕیارنامەیەک لەو وڵاتەدا دەربکرێت کە دەرکردنی چەکدارە بیانییەکان لەخۆبگرێت.

گوتیشی "پێشبینی دەکەین ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ بەهێزەوە بەردەوامبێت لە رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و کاری گرنگی بۆ دڵنیابوونەوەش لەوە ئەوەیە، رێگە بدەن هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئەنجامدانی کارەکانیان بەردەوام بن".

رۆژی چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە پاریس و چاوی بە ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کەوت، ئەمەش لە میانەى دوایین گەشتی بلینکنە بۆ دەرەوەی وڵات بەر لە رادەستکردنی دەسەڵات بە ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارە پاش پاریس، بلینکن بچێتە رۆما و ڤاتیکان و لەوێوە لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 11ـی کانوونی دووەم بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.

loading....