ترەمپ: ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا دەگۆڕم

test
دۆناڵد ترەمپ، فۆتۆ: AFP

سەرۆکی مەکسیک بە توندی وەڵامی دۆناڵد ترەمپى، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکاى دایەوە و پێشنیاز دەکات ناوی ئەمریکا بگۆڕێت بۆ " ئەمریکای مەکسیکی".

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڵێنیدا لەماوەی دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی، ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا بگۆڕێت، کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک بەتوندی وەڵامی ترەمپى دایەوە و گوتى:" کەنداوی مەکسیک ئەو ناوەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان دانیان پێداناوە، ئەگەر هەر باسی ناو گۆڕین دەکرێت، بۆچی ناوی وڵاتی ئەمریکاش نەگۆڕێت بە ئەمریکای مەکسیکی".

ئەمە لەکاتێکدایە شەینبام، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە نەخشەیەکی جیهانیی سەدەی 17یەم کرد، کە ئەمریکاى باکوور بە ئەمریکای مەکسیک ناوبراوە.

ئەوەی سەرۆکی ئەمریکای نیگەرانکردووە لەبارەی مەکسیکەوە، کۆچی نایاسایی مەکسیکییەکانە بۆ ئەمریکا و بازرگانییکردنە بە ماددەی هۆشبەرەوە لە وڵاتەکەیدا، پێشتریش بەڵێنیداوە لەیەکەم رۆژی دەسەڵاتیدا باجی گومرگی بەرێژەی 25% زیادبکات لەسەر مەکسیک و کەنەدا.

وادەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کۆشکی سپی نزیکدەبیتەوە و ململانێکانی سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە لەگەڵ وڵاتانی مەکسیک، کەنەدا، پەنەما و چین روو لە زیادبوون دەکەن و هەر لێدوانێکی ترەمپ لەبارەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی لە کۆشکی سپی کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

loading....