ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ئەو دیوارە کۆنکرێتییانەی رەوانەی کۆبانێ کراون، لە بنکەی سەربازیی تەنەف لە باشووری سووریاوە کە بنکەیەکی سوپای ئەمریکایە، نێردراون.
پێشتر پەیامنێری کەناڵ8 لە کۆبانێ بڵاویکردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەرێگەی ژمارەیەک بارهەڵگرەوە، دیواری کۆنکرێتی و ژووری ئامادەکراویان بەمەبەستی بنیاتنانی خاڵێکی سەربازیی، هێناوەتە شارەکە.
ئاژانسی ئەنادۆڵى تورکی هیچ تیمێکی کارکردنی لە کۆبانێ نییە، بەڵام لەرێگەی درۆنێکەوە، دیمەنی ئاسمانی شارەکە و ئەو باڵەخانەیەیان تۆمارکردووە کە بە دیواری کۆنکرێتی دەوری دراوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، ئەو دیوارە کۆنکرێتییانە لە بنکەی تەنەف تایبەت بە سەربازانی سوپای ئەمریکاوە بۆ کۆبانێ رەوانەکراون، بۆ دەورەدانی باڵەخانەیەک کە پێشتر بە هۆتێل کەنین ناسرابوو، بەکارهێنراون.
باس لەوەش دەکات، باڵەخانە دەورەدراوەکە بە دیواری کۆنکرێتی، دەکەوێتە ناوەندی کۆبانێ و تەنیا یەک کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە.
ئاژانسەکەی زمانحاڵی حکومەتی تورکیا دەڵێت، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە لە 3ـی ئەم مانگەدا سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پنتاگۆن، رایگەیاند، پلانی بنیاتنانی بنکەیەکی سەربازییان لە کۆبانێ نییە.