لە کڵێسایەکی شاری بۆستن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژمارەیەک لە شارەزایانی هونەر، سەرقاڵی دووبارە دروستکردنەوە و پاراستنی یەکێک لە وێنە دیوارییە کۆنەکانی شارەکەن.
ژمارەیەک لە وێنەی رەنگاڵەی فریشتە کریستیانییەکان، لە کڵێسایەکی کۆنی شاری بۆستن مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەمە وای کردووە، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شارەزای بواری پاراستنی تابلۆ و وێنە هونەرییەکان، روو لە کڵێساکە بکەن و ئامانجیان پاراستن و هێشتنەوەیەتی بۆ سەدان ساڵی دیکە.
وێنە دیوارییەکان، بەنزیکەی 300 ساڵ لەمەوبەر دروستکراون، لەسەر بنمیچی کڵێسای "Old North" کێشراون، کە کۆنترین کڵێسای شاری بۆستنە تاوەکو ئێستا پارێزگاریی لێکرابێت و لە ئاستی نیشتمانیی ئەمریکاش ناوبانگی زۆرە.