ژمارەیەک تەقینەوە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی سوەیدای سووریا روویاندا

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هاوکات لەگەڵ سوڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی ناوچەکەدا، ژمارەیەک تەقینەوەی یەکلەدوای یەک لە فڕۆکەخانەی سەربازیی خەلخەلە لە سوەیدای سووریا روویانداوە.

راشیگەیاندووە، فڕۆکەخانەی سەربازیی خەلخەلە دەکەوێتە ناوچەکانی باکووری سوەیدا و بەهۆی تەقینەوەکانەوە ئاگر لە کۆگاکانی فڕۆکەخانەکە بەرزبووەتەوە.

هەروەها رۆژی 5ـی کانوونی دووەمیش ژمارەیەک تەقینەوەی دیکە لە جبەخانەی یەکەی 55ـی دژە ئاسمانیی حکومەتی پێشووی سووریا لە دەورووبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا روویاندا، کە بە گوێرەی سەرچاوەکانی روانگەی سووری، هۆکاری تەقینەوەکان بۆ ئەگەری بۆردوومانی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە.

ئەو یەکە سەربازییە دژە ئاسمانییە دەکەوێتە دامێنی شاخی مانع لە پارێزگای ریفی دیمەشق لە نزیک پایتەختی سووریا، بەهۆی تەقینەوەکانیشەوە دووکەڵێکی زۆر لە بنکە سەربازییەکە بەرزبووەتەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی دەووربەری بنکە سەربازییەکەش هەست بە بەهێزی تەقینەوەکان کراوە و بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکی لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا.

دوای رووخانی حکومەتی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024دا، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، نیگەرانن لەوەی چەک و جبەخانەکانی سووریا بکەوێتە دەست گرووپەچەکدارە توندڕەوەکان و لە دژی ئیسرائیل بەکاریانبهێنن.

لەبەر ئەوەش ئیسرائیل بە زیاتر لە 500 هێرشی ئاسمانی، جبەخانەکان، ناوەندە سەربازییەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، ناوەندەکانی توێژینەوەی سەربازی، هێزی دەریایی و بەندەرەکانی سووریایان بۆردوومانکرد.