تەیلەر سویفت وەکو باشترین هونەرمەندی سەدەی 21 دیارییکرا

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی فەرمیی بیڵبۆردی ئەمریکا، خانمە هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکا و جیهان، تەیلەر سویفت، وەکو باشترین هونەرمەندی سەدەی 21 دیارییکرا.

لە بەسەرکردنەوەی چارەکی یەکەمی سەدەی 21، هیچ هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ، هێندەی تەیلەر سویفت کاریگەریی لەسەر پیشەسازیی موزیک و هەوادارانی دروستنەکردووە.

رەخنەگر و چاودێرە موزیکییەکانی پێگەی فەرمیی بیلبۆردی ئەمریکا، کە هەفتانە و ساڵانە باشترینەکانی جیهانی موزیک دیارییدەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە، تەیلەر سویفت لە سایەی کاری هونەریی و دەستپێشخەرییەکانیدا بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری هاوچەرخ، شایەنی ئەوەیە لە ریزبەنی یەکەمی 100 باشترین هونەرمەندانی سەدەی 21 دابنرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تەیلەر سویفت، تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2006، ناوی لە ریزبەندی باشترینەکانی ئەمریکا نەبووە، توانیویەتی لەماوەی کەمتر لە 20 ساڵ، ببێت بە باشترین هونەرمەند.