وێستهام بەخێرهاتنی پۆتەر دەکات وەک راهێنەری نوێ

بەفەرمی یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزی، راهێنەری نوێی یانەکەی دیارییکرد، ئەویش گراهام پۆتەری 49 ساڵە.

وێستهام دوای دوورخستنەوەی لوپیتێگی راستەوخۆ گراهام پۆتەری هێنایە جێگەی، کە راهێنەرایەتی یانەکانی چێڵسی و برایتۆن و سوانسی سیتی کردووە و ئەزموونێکی باشی هەیە لە پرێمەرلیگ، بەڵام لە مانگی نیسانی 2023ـەوە لە دوای چێڵسی پۆستی راهێنەرایەتی نەگرتووەتە دەست.

گرێبەستی پۆتەر بۆ دوو ساڵ و نیوە و رۆژی هەینی لەگەڵ تیمەکەش گەشت دەکەن بۆ یاریگەی ئەستۆن ڤێڵا و لە گەڕی سێیەمی ئێف ئەی کەپ رووبەڕوودەبنەوە.

پۆتەر لەگەڵ وەرگرتنی ئەرکەکەی گووتی...

وێستهام یانەیەکی گەورەیە، دڵی لەندەنە، لە تەواوی جیهاندا هاندەری خۆی هەیە، بیرمە لە 2023 لە کۆنفرانس لیگ سەرکەوتوو بوون، ئەم یانەیە لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەی خۆشی سەرکەوتووە.

گراهام پۆتەر، راهێنەری وێستهام یونایتد.

گراهام پۆتەر بە یەکێک لە رۆشنبیرترین راهێنەرەکان دادەنرێت، خاوەن بڕوانامەی ماستەرە و 14 ساڵ یاریی کردووە وەک یاریزان، ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار بووە بە راهێنەر لە زانکۆ بووە و ساڵی 2010 بوو، کە پۆستی راهێنەرایەتی ئۆستەرسوندی سویدی وەرگرت، لەگەڵ ئەو یانەیەشدا لە ماوەی پێنچ وەرزدا ناسناوی جامی سویدییان بردەوە و لە یۆرۆپالیگیش بەشداربوون، تەنانەت لە یاریگەی ئیماراتس لە ئارسیناڵیشییان بردەوە.