نزیکەی 1.3 ملیار جگەرەکێش لە جیهاندا هەن و 1.3 ملیۆن کەسیش کە جگەرەکێش نین، بەهۆی جگەرەکێشانی کەسانی دیکەوە لەبەردەم هەمان مەترسیی ئەواندان. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی کاریگەرییەکانی جگەرەوە گیانلەدەستدەدەن و بەگشتی جگەرە نیوەی بەکارهێنەرانی دەکوژێت.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، 80%ـی ئەوانەی جگەرە دەکێشن لە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکانن. هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانە و بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8، ئێستا رێژەی کێشانی جگەرە و ڤەیپ و نێرگەلە رووی لە هەڵکشانە.
چۆن واز لە جگەرەکێشان بهێنین؟
د. هەژار عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە و گوتی: یەکەمین هەنگاوی وازهێنان لە جگەرەکێشان ئەوەیە کەسەکە بەتەواوی ئاگاداری مەترسی و زیانەکانی جگەرەکێشان بێت.
پسپۆڕە دەروونییەکە گوتی جگەرەکێشان لە دوو لایەنەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، ئەوانیش لایەنی جەستەیی و لایەنە دەروونییەکانن. زیانە جەستەییەکانی جگەرەکێشان ئەمانەن:
- نەخۆشییەکانی سییەکان و شێرپەنجەی سییەکان
- نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن: جگەرە زیانەکانی لەسەر هەموو ئەو شوێنانە هەیە کە بۆرییەکانی خوێنی تێدایە، لەوانەش بۆرییەکانی خوێنی ئەندامی زاوزێی پیاوانە کە دەبێتەهۆی لاوازیی سێکسی
سەبارەت بە زیانەکانی جگەرەکێشان لەسەر دەروونی مرۆڤ، پسپۆرەکە گوتی لەماوەی کورتمەودادا جگەرە دەکرێت تەرکیزی مرۆڤ باشبکات و بەئاگایبهێنێتەوە، بەڵام لەماوەیەکی درێژخایەندا هەندێک گرفتی دەروونی دروستدەکات، لەوانەش:
- نائارامی
- گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ
د. هەژار عوسمان دەڵێت کاتێک کەسەکە هەموو ئەم کاریگەرییانەی لە مێشکدا بێت دەزانێت دەبێت وازبهێنێت و بەتەواوی باوەڕ بە مەترسییەکانی جگەرەکێشان دەکات؛ "قۆناغی دوای ئەمەش بڕیاردانە لەوەی کە چیدی جگەرە نەکێشێت یان هەوڵ بۆ تەرککردنی بدات".
پسپۆڕەکەی نەخۆشییە دەروونییەکان گوتی، بە دوو رێگە دەکرێت کەسێک واز لە جگەرە بهێنێت، رێگەی یەکەم ئەوەیە کەسەکە سوێند بخوات و بیکات بە مەرخ لەسەر خۆی لە چیدی جگەرە نەکێشێت، رۆژێک دیاریبکات کە لەو کاتەوە ئیدی هیچ جگەرەیەک دانەگیرسێنێت.
"رێگەی دووەم کەمکردنەوەی جگەرەیە" د. هەژار عوسمان گوتی، "کەسەکە رۆژانە یان هەفتانە چەند جگەرەیەک کەمدەکاتەوە تاوەکو ئەوەی هیچ نەکێشێت، لەم رێگەیەیاندا کاریگەرییە لاوەکییەکانی لێچوونەوە لە نیکۆتین کەمترن".
پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سەلامەتترین و سەرکەوتووترین رێگە ئەوەیە کە کەسەکە لەژێر چاودێری و رێنمایی پزیشکی دەروونیدا بکرێت، بەو پێیەی پسپۆڕانی دەروونی هەندێجار پشت بە هەندێک دەرمان و چارەسەر دەبەستن کە ئاستی سەرکەوتنی وازهێنانەکە بەرزدەکاتەوە.