کتێبەکانی فیتزپاتریک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی جیهانن کە پزیشکان بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست بەکاریاندەهێنن، پزیشکێکی کورد هەڵەی زانستی لە دوو کتێبی فیتزپاتریک تایبەت بە نەخۆشییەکانی پێستدا دەدۆزێتەوە.
د. سیروان قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 گوتی: لە دوو کتێبی بەناوبانگی نەخۆشییەکانی پێستدا هەڵەی زانستیم دۆزیوەتەوە و لەڕێگەی ئیمەیڵەوە دانەرانی کتێبەکانم ئاگادارکردووەتەوە.
د. سیروان قەرەداغی دەڵێت هەڵەی یەکەم لە کتێبی فیتزپاتریک بۆ نەخۆشییەکانی پێست، چاپی نۆیەم، بەرگی یەکەمدا بووە و لە بڕی پێدانی هەندێک دەرمانی دژەهیستامیندا هەڵە کراوە، دەرمانەکانیش ئەمانە بوون: سێتریزین، دیسلۆراتیدین، لۆراتیدین.
وەکو پسپۆڕەکە ئاماژەی پێدا، هەڵەی دووەم لە کتێبی وێنەیی فیتزپاتریک بۆ ناسینەوەی نەخۆشییەکانی پێستدا بووە و بەهەمان شێوە هەڵە لە بڕی پێدانی دەرمانێکدا هەبووە، ناوی دەرمانەکە ئیڤەرمێکتینە و دەرمانێکی دژەمشەخۆرە.
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت دانەرانی کتێبەکە وەڵامیان داوەتەوە و دەڵێن لە چاپە نوێکانی کتێبەکاندا هەڵەکان چاکدەکرێنەوە.