لە سلێمانی چەند بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەرچوو

test
سوارە عومەر، نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، فۆتۆ: کەناڵ8

سوارە عومەر، نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەڵێت، کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەرکرا و لە ئەمڕۆوە دەتوانن بێنەوە سەر شەقامەکان، بەڵام دەبێت پابەندی رێنماییەکان بن.

سوارە عومەر نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەتەوە و چەند بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەرچوون.

سوارە عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکان بریتین لە راگرتنی دەستبەسەرداگرتنی  ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بە شێوەیەکی کاتی، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەک بە ئامادەبوونی نوێنەری هەریەکە لە سەرۆکی یەکێتی، جێگری سەرۆکوەزیران، دەزگا ئەمنییەکان و بەشی یاسایی.

ئەوەشی خستەڕوو، جگەلەوەش میکانیزمێکی یاسایی دەدۆزرێتەوە بۆ ئۆتۆمبێلەکان، ئەویش بە رەچاوکردنی لایەنی ئەمنی، یاسایی و رێکارە کارپێکراوەکان، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ئەگەر یاساشکێنی پێ ئەنجام نەدرابێت رادەستدەکرێنەوە.

سوارە عومەر، نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان باسی لەوەشکرد، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا رادەگیرێت و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر شۆفێری ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان جێبەجێدەکرێن.

ئەوەشی ئاشکراکرد، رێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە پێشانگاکاندا نادرێت تاوەکو بڕیاری لیژنەی تایبەت دەردەچێت، هەروەها لیژنەی یاسایی بڕیار لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕاوەن یان مەرجی توندوتۆڵییان تێدا نییە دەدات.

loading....