/

پەتا نوێکەی چین مەترسیدارە؟ گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان؟

د. سەفین عوسمان مەحمود، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان

ماوەی هەفتەیەکە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسێک لە چین هەیە و ئەمەش نیگەرانیی دانیشتووانی جیهان، پسپۆرانی تەندروستی و وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی پەتایەکی هاوشێوەی کۆڤید هاتووەتە ئاراوە.

د. سەفین عوسمان مەحمود، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان، لە لێدوانێکی لەگەڵ کەناڵ8ـدا باسی لە پەتا نوێکەی چین کرد و رایگەیاند، ئەو پەتایەی لە چین بڵاوبووەتەوە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لێرە پەتایەکی کوشندەتر بڵاوە.

د. سەفین عوسمان گوتی، ڤایرۆسەکەی چین پێی دەگوترێت هیومان مێتانیومۆڤایرۆس (HMPV) و لە گروپی ڤایرۆسەکانی رێڕەوی هەناسەدانە کە دەبێتەهۆی هەوکردنی سادە یان مامناوەندی سییەکان و رێڕەوی هەناسەدان؛ "ئەوەی جێگەی باسە ئەم ڤایرۆسە بەشێوەیەکی خێرا لە چین بڵاوبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بازدانێکی جینی هەبێت، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی تووشبوون و بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە دروستبووە، هەرچەندە هەوکردنەکە زۆر کوشندە نییە، بەڵام تاڕاددەیەک سەختترە، لە هەندێک وڵاتی ئەورووپیش حاڵەتی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و ئەوان بە وردی چاودێری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکەن".

پسپۆڕەکەی نەخۆشییە گوازراوەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ڤایرۆسی HMPV پێشتریش لێرە هەبووە و زیاتر منداڵان و بەتایبەتی منداڵانی خوار پێنج ساڵان گرتوویانە، حاڵەتەکان کەم بڵاودەبنەوە و تەنیا ئەو منداڵانە دەیگرن کە بەرگریی جەستەیان کەمە یان نەخۆشییەکی خوێنیان هەیە.

نیشانەکانی پەتا نوێکەی چین کامانەن؟

سەبارەت بە نیشانەکانی هەوکردنی HMPV، پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ نیشانەیەکی تایبەت نە نەخۆشییەکە نییە و نیشانەکان هاوشێوەی پەتای کۆرۆنا و پەتاکانی دیکەی هەناسەدانن، سەرەکیترین نیشانەکانی ڤایرۆسەکە ئەمانەن:

  • تا
  • گیانئێشە
  • قوڕگئێشە
  • سەرئێشە
  • کۆکەی وشک
  • بێهێزی و ماندوویی

لە هەرێمی کوردستان پەتایەکی سەخت بڵاوە!

د. سەفین عوسمان باسی لە پەتایەکی توند کرد کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە و گوتی "دوو بۆ سێ هەفتە دەبێت کۆمەڵێکی زۆر لە چارەخوازان بەهۆی پەتایەکەوە هەناسەدانیان وەستاوە و پێویستیان بە چاودێریی چڕ بووە، لە پشکنینەکاندا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەنفلۆنزای A لە جۆری H1N1 بووە کە بە ئەنفلۆنزای بەراز یانSwine Flu  ناسراوە".

پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پەتایە گواستنەوەی لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ ئاسانە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆر بەربڵاوە، بەجۆرێک لە 10 چارەخوازی هەوکردنی توندی هەناسەدان هەشتیان ئەم پەتایان هەیە و دووانیان کۆڤیدیان هەیە؛ "دەتوانین بڵێین ئەگەر لە بیست خێزانی سلێمانیدا کەسێک تووشبووبێت، ئەوا 50 هەزار بۆ 100 هەزار هاونیشتمانی لە سلێمانی نەخۆشییەکەیان گرتووە".

وەکو پسپۆڕەکە ئاماژەی پێدا، ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەن، سستبوونی دڵ و گورچیلەیان هەیە یان ئەوانەی سیستمی بەرگریی جەستەیان دابەزیوە، ئەگەریان زیاترە بەشێوەیەکی سەخت نەخۆشییەکە بگرن؛ "پەتای ئەنفلۆنزای H1N1 کوشندەییەکەی 5%ـە و تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 30 بۆ 40 کەس تووشبوون و هەندێکیان گیانیانلەدەستداوە".

ئەو پەتایەی لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە چییە؟ مەترسیدارە؟

سەبارەت بە پەتاکەی ئەمریکا، پسپۆڕەکە گوتی لە جۆری H5N1ـە و پێی دەگوترێت ئەنفلۆنزای باڵندە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە پەلەوەر و باڵندە کێوییەکاندا بڵاودەبێتەوە؛ "پەتاکە بەوە ناسراوە گواستنەوەی قورسە و وەکو ئەنفلۆنزای بەراز نییە، هەندێک پشکنینی جینی کراون کە دەریدەخەن ڤایرۆسەکە کەمێک گۆڕانکاری بەسەرهاتووە بەڵام گۆڕانکارییەکە زۆر نەبووە، هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە بە ئەستەم بڵاودەبێتەوە، بەڵام زۆر کوشندەیە و 55%ـی حاڵەتەکان گیانلەدەستدەدەن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 950 حاڵەت لە مرۆڤدا دەستنیشانکراون، بەڵام زیاتر لە 500 حاڵەتیان مردوون".