حکومەت کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ پرسی مووچە ئەنجامدەدات

کەناڵ8 09/01/2025
test
دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8

سەرچاوەیەکی باڵا، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە رۆژی شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025 کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجامبدات.

ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ کۆبوونەوەکە بانگێشتکردووە.

سەرچاوەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوە نائاساییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو گرفتی مووچە بەردەوامدەبێت، لەبەرئەوە سەرجەم نوێنەرانی کوردی لە بەغداد بانگێشتکردووە، تاوەکو بۆچوونی ئەوانیش لەبارەی نەخشەڕێگەکەوە وەربگیرێت.

سەرچاوەکەی کەناڵ8، دەڵێت، ئەو نەخشەڕێگەیەی لە کۆبوونەوەکەدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە دادەڕێژرێت، پێشکەشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وادەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە نائاساییەکەی خستووەتە رۆژی شەممە، لەکاتێکدا کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنەکە رۆژانی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرچاوەکەی کەناڵ8، گوتی "محەمەد شیاع سودانی لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا سەردانی دەرەوەی وڵات دەکات، لەبەرئەوە کۆبوونەوەکە لە سەرەتای هەفتەدا دەکرێت تاوەکو بتوانن نەخشەڕێگەکە بخەنە بەردەست سەرۆکوەزیرانی عێراق".

09/01/2025
loading....