وەزیری بەرگریی ئەمریکا: هەسەدە هاوبەشێکی گرنگی ئێمە بووە

لوید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا. فۆتۆ:AP

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە سوپای ئەمریکا لە سووریا بمێنێتەوە بۆ پاراستنی کەمپەکانی دەستگیرکراوانی داعش. دەشڵێت، "هەسەدە هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا بووە و دەکرێت رۆژێک لە رۆژان ببێت بە بەشێکی گرنگ لە سوپای سووریا."

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس، ئۆستن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پاش رووخانی دەسەڵاتی سووریا، داعش هێشتا مەترسییەکی گەورە و سەرەکییە و مانەوەی هێزەکانیان لەو ناوچەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە و پاراستنی کەمپەکانی دەستبەسەرکراوانی چەکدارانی داعش گرنگ و پێویستە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە نزیکەی دوو هەفتەی ماوە لە پۆستەکەیدا، باسی گرنگیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کرد و رایگەیاند، ئەوان هاوبەشێکی باش و گرنگی ئەمریکا بوون و رەنگە رۆژێک لە رۆژان ببنە بەشێکی گرنگ لە سوپای سووریا و بتوانن کۆنترۆڵی کەمپەکانی دەستبەسەرکراوانی داعش لە ئەستۆبگرن.

وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و پێویستیی مانەوەیان، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا پێویستە ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو وڵاتە بپارێزێت و بەهۆشیارییەوە چاودێریی جوڵانەوەی چەکدارانی داعش بکات.

نزیکەی هەشت هەزار چەکداری داعش لە کەمپەکاندا دەستبەسەرکراون و دەگوترێت لەو ژمارەیەش دوو هەزاریان زۆر مەترسیدارن.

سوپای ئەمریکا دوو هەزار سەربازی لەسووریا هەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیدا و بۆ ئەم خولەی سەرۆکایەتیشی کە نزیکەی دوو هەفتەی ماوە، رایگەیاندووە مانەوەی هێزەکانیان بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دەبێت کە دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدەن.