بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغداد کۆبووەوە و باسی دۆخی عێراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تەڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغداد و لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عێراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داواشکرا چیتر ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ململانێ و ناکۆکییەکان نەکرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، "پێویستە مافی هەموو لایەنێک لە سووریا پارێزراوبێت بە تایبەت گەلی کورد، هەروەها بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەش گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانان هەماهەنگ و هاریکاربین."
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە پێویستە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان لە بەغداد هەماهەنگبن لە گفتوگۆی بنیادنەرانە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە لەگەڵ پابەندبوون بە دەستووری عێراق.