لێدوانی مەزڵوم عەبدی لەبارەی کشانەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هۆشدارییدا لە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا و سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دەرگای گەڕانەوەی داعش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

هاوکات داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کرد، ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت و هۆشداریشیدا لە کشانەوەیان.

روونیشیکردەوە، داعش دوای دەستبەسەرداگرتنی چەک لە دەسەڵاتی ئەسەد، لە بیابانەکاندا هێزی خۆی زیادکردووە، هاوکات هەسەدەش سەرقاڵە بە فشارەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانەوە.

جەختیشی لەوەکردەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوییەکی دیکە، "ئەمەش رەنگە شەڕێکی دیکەی ناوخۆی لێبکەوێتەوە، چونکە زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکان بوون بە هەڕەشە بۆ سەر کورد."

مەزڵوم عەبدی داوای لە وڵاتانی ئەوروپی کرد، پاڵپشتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بکەن و گوتیشی، ئەوان تەنیا بۆ گەل و هێزەکانیان شەڕیان نەکردووە، بەڵکو بەناوی وڵاتانی ئەوروپاشەوە دژ بە داعش جەنگاون.