بایدن پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لوبنان کرد

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. فۆتۆ: AFP

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی "جۆزیف عەون" کرد وەکو سەرۆککۆماری لوبنان و جەختی لەسەر متمانەی تەواوی بە تواناکانی ئەو بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە کردەوە.

بایدن لە راگەیەندراوێکدا گوتی، سەرکردایەتیکردنی "عەون" یەکلاکەرەوە دەبێت لە کاتێکدا لوبنان و ئیسرائیل لە دۆخی ئاگربەستدان، راشیگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە تەنیا شەش هەفتە دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا توانیی سەرکەوتووانە کۆتایی بە شەڕی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل بهێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، گەلی لوبنان زیاتر لە دوو ساڵ زەرەرمەند بوون، نەک تەنیا بەهۆی شەڕی وێرانکەر و قەیرانی دارایی بەردەوامەوە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتیی نیشتمانیشەوە.

گوتیشی، ئێستا لە رێگەی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانیانەوە، گەلی لوبنان مافی دیموکراسی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویان بەکارهێنا و رێگەیەکیان هەڵبژاردووە، کە لەگەڵ ئاشتی، ئاسایش، سەروەری و ئاوەدانکردنەوەدا دەگونجێت.

بایدن گوتیشی، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پشتیوانی لە گەلی لوبنان دەکەن، بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان.