تورکیا: هەسەدە چەک دانەنێت ئۆپراسیۆن بەردەوامدەبێت

باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت و هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکانیش دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی بۆردوومانکردنی خەڵکی مەدەنیی کۆبانێ کە لە کاتی رۆشتنیان بۆ بەنداوی تشرین بۆردوومانکران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندووە، یەپەگە و هەسەدە لە شوێنە ستراتیجییەکان خەڵکی مەدەنی وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن و ئەوانیش رێگە بەو کارە نادەن.

سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات یەپەگە و هەسەدە وەک رێکخراوی "تیرۆریستیی" بناسێنن و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ تورکیا بکەن.

سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەنداوی تشرین بە "دوایین" هێڵی بەرگریی هەسەدە ناودەبات و دەڵێت، بەکارهێنانی خەڵک وەک قەڵغان پێشێلکارییە و بۆ پاراستنی خۆیانە.

رۆژی چوارشەممە درۆنێکی تورکیا ژمارەیەک هاونیشتمانیی مەدەنیی کردە ئامانج کە لە کۆبانێوە بەڕێکەوتبوون بۆ بەنداوی تشرین و بەهۆیەوە پێنج هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش برینداربوون.

لەو بارەیەوە سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری چەکدانەنانی هەسەدەدا، ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامدەبێت.