دواى گەیشتنی بە رۆما، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ هاوتا ئەوروپیەکانی سەبارەت بە دۆخی سووریا و هەوڵەکان بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە و چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان هەسەدە و تورکیا کۆبووەوە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، بلینکن لە رۆما لەگەڵ هاوتا بەریتانی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئیتاڵییەکەی کۆبووەوە، ئەمەش دوای گەشتەکانی دێت بۆ کۆریای باشوور، ژاپۆن و فەرەنسا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بوون بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و هەوڵدان بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.
وڵاتانی رۆژئاوا، بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکە بە گەرەنتی دەزانن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هاوکات بلینکن پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە نیگەرانییەکانی تورکیا، سەبارەت بە بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سووریادا رەوان و داوایکرد لە رێگەی دەرکردنی چەکدارە بیانییەکانەوە لە وڵاتەکە، دۆخەکە چارەسەربکرێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەش، سوککردنی سزاکانی سەر سووریا بووە، کە هەریەکە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا پێشتر ئامادەییان پیشاندابوو.
جگە لەوەش بلینکن داوای لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە، هاوڵاتییانیان کە لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەستبەسەرکراون بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان.