گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیای راگەیاند، وڵاتەکەی قەرزداری هەسەدە و جەنگاوەرانی ئازادین.
کریستۆف لوموەن، لە وەڵامی پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیادا لەبارەی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، "بەگوتەی سەرۆککۆمارمان وەڵامت دەدەمەوە و دەڵێم، هۆشیارین بەرامبەر ئەو قەرزەی لەسەر شانمانە، بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و جەنگاوەرانی ئازادی".
لوموەن ئاماژەی بەوەشکرد، هەسەدە و جەنگاوەرانی ئازادی لە ساڵانی سەختی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ فەڕەنسادا بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەبارەی داهاتووی هەسەدە لە سوریا گوتی، "ئەوەی وەک پرەنسیپ لای ئێمە گرنگە، چوونە ناوەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریایە بۆ ناو پرۆسەی راگوزەر، ئەوەی من ئاگاداربم هێزەکانی هەسەدە و بەپرسانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشقیش هەمان شتیان دەوێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رەتیکردەوە، هیچ شتێک دەربارەی پەکەکە بڵێت و گوتی، "هیچ شتێک لەبارەی سروشتی پەکەکەوە ناڵێم."
چەند رۆژێک پێش ئێستا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنفرانسی سیاسەتی دەرەوەدا گوتی، جەنگاوەرانی ئازادی وەک کورد بەجێناهێڵن، کە لە جەنگی تیرۆردا لە سووریا هاوپەیمانی رۆژئاوا بوون.
دواتریش ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بە تەلەفیزیۆنی مۆندێی فەڕەنسی راگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا دەتوانن ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا بپارێزن.