هه‌ولێر سێ خاڵى له‌گه‌رمه‌ ده‌وێت

یانەی هەولێر دوای ئاسایی بوونەوەی یاریەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتا مەشقی خۆی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا.

وابریارە ئێوارەی ئه‌مڕۆ هەینی لە گەری سیانزه‌یه‌مى خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆی رووبەرووی یانەی گەرمە ببێتەوە،هەولێر خاوەنی هه‌ژده‌ خاڵە و لە ریزبەندیی 9ـى خوله‌كه‌یه‌ و گەرمەش لە ریزبەندیی دوانزه‌یه‌مه‌ به‌ پانزه‌ خاڵ.

هەردوو یانەکە چاویان لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یاریەکەیە، گەرمە کە هەرچەندە خۆیان دەڵێن ئامادەکاری باشیان کردووە بەڵام ترسیان لە یاریەکە هەیە بەهۆی ئەوەی یارییەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیانە.

بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان کەربەلا و دهۆک، کە بووە هۆی بریندار بوونی حسێن فەلاح یاریدەدەری ناوبژیوان و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، سەرجەم یارییەکانی رۆژی چوارشەممەی خولەکە دواخران.

دوای ئەوەی عەدنان درجال سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی ئۆنلاین کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ناوبژیوانان ئەنجامدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەدوای رۆژێک لە وەستاندنی یاریەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دووبارە دەستیپێکردەوە.
.