هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەرپەرچى هێرشێکى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا دەدەنەوە و تێکیان دەشکێنن، سوپاى تورکیاش بەچڕى دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بۆردوومان دەکات.
پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند، جارێکى دیکە شەڕ لە نێوان گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لەدەوروبەری بەنداوی تشرین روویداوە.
گوتیشى، لە باکوورى بەنداوى تشرین هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرپەرچى هێرشێکى گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە و تێکیان شکاندوون و زیانێکى زۆریان پێگەیاندوون.
پەیامنێرى کەناڵ8، ئاماژەى بەوەشکرد، لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە سوپاى تورکیا بەچڕى دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بۆردوومان دەکات.
ماوەى سێ رۆژە هاونیشتمانییانى رۆژئاواى کوردستان، بەمەبەستى دروستکردنى پشتێنەى مرۆیى روویان لە بەنداوى تشرین کردووە و دەیانەوێت بەنداوەکە لە هەرەسهێنان بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە بپارێزن.
روانگەی سووری ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەسەرەتای دەستپێکی شەڕەوە لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و هەسەدە تاوەکو ئێستا، 285 کەس کوژراون کە 25ـیان مەدەنی بوون و 203 یان چەکداری سەربە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا بوون و 57 کەسیشیان ئەندامی هەسەدە و هێزەکانی سەربە ئەوان بوون.
پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاش لە راگەیەندراوێکدا باس لە مەترسییەکانى هەرەسهێنانى بەنداوى تشرین دەکات و دەڵێت، هەرەسى بەنداوەکە دەبێتە هۆى خنکانى دانیشتووانى سەدان گوندی ناوچەی دەوروبەری رووباری فورات.
باسى لەوەشکردووە، بە هەرەسهێنانى بەنداوى تشرین، ناوچەکانى تەبقە تاوەکو رەققە و زەوییەکانى عێراقیش ژێرئاو دەکەون.
بەنداوى تشرین، ساڵی1991 دەستکراوە بە دروستکردنی و ساڵی 1999 تەواوبووە 2 ملیار دۆلاری تێچووە، بەنداوەکە 58 کیلۆمەتر لە کۆبانێ دوورە و بەرزییەکەى 40 مەترە و یەک ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە.