هاکان فیدان لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلان: هیچ گۆڕانکارییەک دەربارەی ئەو نییە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. فۆتۆ: AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەوە دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک دەربارەی ئەو نییە و ئێستاش لە ئیمراڵییە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە گوتی، "هیچ گۆڕانکارییەک دەربارەی ئەو کەسە نییە و ئێستاش وا لە ئیمراڵییە".

هەرچی لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوەیە گوتی، "وەک دەزانن پەکەکە پەیوەندی لەگەڵ چەند وڵاتێک هەیە، رێکخراوێکی لەو جۆرە کە ئەو هەموو پەیوەندییەی هەیە تاوەکو چەند گوێ لە رێنماییەکانی رێبەرەکەی دەگرێت پێشتر ئەزموونمان کردووە".

روونیشیكردوەوە، "پێشتر رێبەرەکەیان فەرمانی چەکدانان و چوونە دەرەوەی لە تورکیا کرد، کشانەوەی پەکەکە دەستیپێکرد بەڵام بە بیانووی رووداوەکانی سووریا کشانەوەیان راگرت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "وا دوای 11 ساڵ هەمان سیناریۆ هاتووەتە مەیدان، ئایا گوێ لە رێبەرەکەیان دەگرن؟ ئەوە بژاردەی خۆیانە، بەڵام ئێمە وەک دەوڵەت لەسەر ئەو ئەگەرانە هەنگاو نانێین، بەڵکو لەسەر حساب و کتابی ئەقڵانی کار دەکەین".

وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەوەشكردەوە، "بۆیە ئێمە شیکردنەوەی مەترسی ئامێزی خۆمان دەکەین، دوای ئەوە بیر لەوە دەکەینەوە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکان پێویستمان بەچی هەنگاوێکی دیپلۆماسی و رێگەی هەواڵگری و سەربازی هەیە".