لەسەر پرسی مووچە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدەدات

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: ماڵپەڕی حكومەت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجامدەدرێت.

بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەولێر کۆببنەوە.

پێشەوا هەورامانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لای حکومەتی فیدراڵە.

لێدوانی پێشەوا هەورامانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە سەرچاوەیەکی باڵا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رۆژی شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پرسی مووچە ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکەدا بۆ چارەسەری کێشەی مووچە نەخشەڕێگەیەک دادەڕێژرێت و دواتر پێشکەشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت.