کۆمەڵ و یەکگرتوو: بەشداریی کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران ناکەین

لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری

هەرچەندە ئەنجوومەنى وەزیران سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانى لە ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ کۆبوونەوەکە بانگێشتکردووە، بەڵام هەریەکە لە فراکسیۆنەکانى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەری رایانگەیاند، بەشداریى ناکەن.

موسەنا ئەمین، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران لە فراکسیۆنى یەکگرتوو بەکەناڵ8ـى راگەیاند، بەشدارى کۆبوونەوەى سبەی ئەنجوومەنى وەزیران ناکەن، بەهۆى ئەوەى بۆچوونمان وایە ئەم کۆبوونەوانە هیچ سودێکیان نییە و ئەوە حکومەتى هەرێمە بەردەوام کێشەى نوێ لەگەڵ بەغداد دروستدەکات و هیچ بەرپرسیاریەتییەک هەڵناگرێت.

گوتیشى "ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و بەشدارى ئەو کۆبوونەوانە ناکەین کە بۆ وێنەگرتنە".

لایخۆشیەوە سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەکەناڵ8ـى راگەیاند، بەشدارى کۆبوونەوەکە ناکەن، گوتى "زۆر هۆکاریان بۆ بەشدارینەکردن هەیە"، بەڵام ئامادەنەبوو هۆکارەکان ئاشکرابکات و گوتى "لەداهاتوو ئاشکرایان دەکەین".

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پرسی مووچەوە ئەنجامدەدرێت.

لێدوانی پێشەوا هەورامانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە سەرچاوەیەکی باڵا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رۆژی شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پرسی مووچە ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکەدا بۆ چارەسەری کێشەی مووچە نەخشەڕێگەیەک دادەڕێژرێت و دواتر پێشکەشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت.