ئەردۆغان سەردانی دیمەشق دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری توركیا، فۆتۆ: AP

سەردانێکی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا و سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ بۆ دیمەشق بەهۆی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بۆ هەمان شار، هەڵوەشێنرایەوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا لە ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد، ئەو سەردانەی وەک یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا پلانیان دانابوو بۆ دیمەشق ئەنجامیبدەن هەڵوەشێنراوەتەوە.

ئیمامئۆغڵو باسی لەوەکرد، کاتی سەردانەکەمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە  رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 14:00 ئەنجامبدرێت بەڵام پارێزگاری دیمەشق دوای شەش کاتژمێر لە پەسەندکردنی، پەیوەندیی پێوەکردوون و هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی راگەیاندووە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا گفتوگۆیان لەبارەی سەردانەکە کردووە و ئامانجیان ئەوە بووە لە میانی سەردانەکەدا بزانن چۆن دەتوانن پشتیوانی لە دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتی عەلمانی بکەن.

ئیمامئۆغڵو دەڵێت: "پارێزگاری دیمەشق  لە پەیوەندییەکدا پێیراگەیاندین سەردانەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و خراوەتە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان".

دەشڵێت، "ئێمە هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکە قبوڵناکەین لەکاتێکدا چەندین دامەزراوەی دیکە بەر لە ئێمە چوونەتە دیمەشق".

هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و شاندی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا بۆ دیمەشق و دواخستنی بۆ دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بە مانای ئەوە دێت، ئەردۆغان رەنگە لەدوای یەکشەممە و لە رۆژێکی ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا سەردانی تورکیا بکات.

سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە پێشتر هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت لە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا 10 رۆژ دواتر و لە 22ـی کانووی یەکەمی 2024دا سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کۆبوونەوە.