مەزڵوم عەبدی: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە سوپای نوێى سووریا

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە سوپای نوێى سووریا، دەشڵێت لەگەڵ ئیدارەى نوێ سەبارەت بە داهاتووی سووریا رێکدەکەون.

مەزڵوم عەبدی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبى رایگەیاندووە، کاتێک لە ساڵى 2015دا دامەزراندنی هەسەدەیان راگەیاند، گوتوویانە دەبێتە بەشێک لە سیستمی بەرگریی داهاتووی سووریا، ئێستاش کە پرۆسەی بنیادنانەوەی سوپای نوێ بەڕێوەدەچێت، ئەوانیش بەشێک دەبن لە پرۆسەکە.

مەزڵوم عەبدی باسلەوەدەکات، لەگەڵ ئیدارەى نوێی سووریا لەسەر پرسە سەرەکییەکانی تایبەت بە داهاتووی وڵاتەکە رێکدەکەوێت. گوتووشیەتى "لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا یەکدەنگین، بەڵام وەک دەزانن وردەکاریی زۆر هەیە و سوورییەکان چاوەڕانن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە".

سەبارەت بە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا، مەزڵوم عەبدی رایگەیاندووە "تاوەکو ئێستا بانگێشتی کۆنگرەکە نەکراون، بەڵام بۆچوونیان لەسەر ئەو پرسە ئەوەیە، پێویستە نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە و ناوچەکان و هێزە سوورییەکان بەشداریی ئامادەکارییەکان کۆنگرەکە بکەن، بە پێچەوانەوە کۆنگرەکە سەرکەوتوو نابێت".

مەزڵوم عەبدی، سەبارەت بە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان لە منبج و کۆبانێ دەڵێت "پابەندین بە ئاگربەست، بەڵام ناچارین لە بەرەی بەنداوی تشرین و بەرامبەر هێرشی گرووپەکانی سەر بە تورکیا و ئەو هێرشانەی لەلایەن فڕۆکە و درۆنی تورکیاوە ئەنجامدەدرێن، بەرگریی بکەین".

لەبارەى پێشنیازەکەی بۆ ئەوەی کۆبانێ بکرێتە ناوچەیەکی لە چەکداماڵڕاو، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پێشنیازەیان بۆ چارەسەریی ئەو مەترسییانە کردووە، کە تورکیا بە پاساوی ئاسایشی نیشتمانیی دەیانهێنێتەوە، گوتیشى "ئێستا دەستپێشخەرییەکەمان بەردەوامە، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنیانمان وەرنەگرتووەتەوە".

لەبارەى پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەسەدە، مەزڵوم عەبدی دەڵێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتن دوای کەوتنی ئەسەد بەهێزتر بوون، چونکە بۆشاییەکی گەورە دروستبووە و داعش سوود لەو دۆخە دەبینێت، داعش چەکی کیمیایی و توانایی سەربازیی بەدەستهێناوە و مەترسییەکانی زیادبووە، ئەمەش بووەتە زیادبوونی هەماهەنگیی نێوانیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان.