بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە

test
ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەكێکی کالیفۆرنیا، فۆتۆ: AP

سەرەڕای لاوازبوونی خێرایی با، بەڵام ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بەردەوامە لە تەشەنەسەندن و تاوەکو ئێستاش لانیکەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەى نوێترین ئامارەکان کە دەسەڵاتدارانی شارەکە ئاشکرایانکردووە، لانیکەم تاوەکو ئێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 هەزار باڵەخانەش سووتاون و فەرمان بە 150 هەزار کەس کراوە ماڵەکانیان چۆڵبکەن.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاندووە "دیمەنەکانی ئاگرەکە بە گۆڕەپانی جەنگ و بۆردوومان دەچن".

بەگوێرەى شارەزایان، لاوازبوونی خێرایی با پێدەچێت یارمەتیدەری تیمەکانی بەگریی شارستانی بدات بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، کە لە ئێستادا لە پێنج ناوچەی جیاواز چالاکە.

بۆ رێگری لە تاڵانی و دزیکردن، پۆلیسی لۆس ئەنجلس، قەدەغەی هاتوچۆی لەناوچە چۆڵکراوەکان سەپاندووە.

پێگەی ئەکیو وێزەر دەڵێت، زیانە ماددییەکان بەهۆی ئاگرەکەوە لەنێوان 135 بۆ 150 ملیار دۆلاردایە.

ئاگرەکە بە "سانتا ئانا" ناسراوە، ساڵانە لە وەرزەکانی پایز و زستان لە کالیفۆرنیا روودەدات، بەڵام ماوەی هەفتەیەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تەشەنەی سەندووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.

loading....