گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، هێزەکانی سنوور 83 کیلۆمەتری دیکە، دیوارى کۆنکرێتیان لەسەر سنوورەکان لەگەڵ سووریا دروستکردووە.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "دروستکردنی دیوارەکە بە توانای ناوخۆیی بووە و کات و پارەیەکی کەمی تێچووە".
پێشتریش تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لەکۆی 615 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و سووریا، تاوەکو ئێستا بە درێژایی زیاتر لە 400 کیلۆمەتر دیوارى کۆنکرێتی دروستکراوە.
بەگوتەی خەفاجی، کارکردن بۆ دروستکردنی دیوارى کۆنکرێتی لەو بەشەی دیکەی تاوەکو ئێستا کۆنکرێت نەکراوە بەردەوامە و پێشبینی دەکەن تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ، کارەکان کۆتاییان پێبهێندرێت.
نزیکەی دوو مانگە و پاش سەرهەڵدانی رووداوەکانی سووریا و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، عێراق رێکارە ئەمنییەکانی لەسەر سنووری لەگەڵ ئەو وڵاتە توندترکردووە و هێزێکی ئەمنیی زۆری رەوانەی ناوچە سنوورییەکان کردووە.