روانگەى سوورى: لە چوار پارێزگا 157 کەسی سڤیل کوژراون

test
لۆگۆى روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە کاتی رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەدەوە لە ناوچەکانی حومس و حەما و لازقییە، 157 هاوڵاتیی سڤیل کوژراون.

روانگەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە بەشێک لە ناوچەکانی سووریادا توندوتیژیی زیادیکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و نیگەرانیی زۆر لە ناو خەڵکدا.

ئاماژە بەوەش کراوە، پارێزگاکانی حەما و حومس زۆرترین گۆڕانکاریی تیایاندا روویداوە و بوونەتە گۆڕەپانی پێکدادانی بەردەوام.

هەروەها لە ناوچەکانی کەنار دەریا لە سووریا، کە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس دەگرێتەوە، بارگرژیی ئەمنی و پێکدادان و کوشتن کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانی خەڵک و هاوڵاتییانی سڤیل رووبەڕووی دۆخێکی سەخت کراونەتەوە، کە رۆژ لەدوای رۆژ کارەساتە مرۆییەکانی زیاتر دەردەکەون.

بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 157 هاوڵاتیی سڤیل لە حومس و حەما و لازقییە و تەرتووس کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەر یەک لە پارێزگاکانی حومس و حەما 58 کەسی سڤیل و لە لازقییەش 13و لە تەرتووسیش نۆ سڤیل کوژراون، کە حەوت کەسیان ژن و یەکێکیان منداڵ بووە.