ئەو کانزایەی ئیمپراتۆرییەتی رۆمانیی لەناوبرد

بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤاری فەرمیی ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستی ئەمریکا، لەماوەی قۆناغی پاکس رۆمانا، 27ی پێش زاین بۆ 180ی زاینی، رۆمانییەکان بڕی پێویستی قوڕقوشم لە خوێنیاندا بووە، کە راستەوخۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر شێوازی حوکمڕانیی و هۆکارێک بۆ داڕمانی ئیمپراتۆرییەتەکەیان.
بەهۆی ژەهراویبوون لەرێگەی کانە زیوینییەکان و بەکارهێنانی قوڕقوشم لە گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە و خۆشکردنی تامی خواردنەوەکان، رۆمانییەکان بەهۆی کانزای قوڕقوشمەوە دووچاری زیانێکی زۆری هزریی بوون.

توێژینەوە زانستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ وێڕای هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەتەکە و هێرشی دوژمنان، قوڕقوشم یەکێک بووە لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی پاڵنەر بوون بۆ لاوازبوونی پایەی مانەوە ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی.
ساڵانە بڕی سێ هەزار و 300 بۆ چوار هەزار و 600 تۆن لە قوڕقوشم تێکەڵی ئاوهەوای ئیمپراتۆرییەتی رۆمانیی بووە، منداڵان قوربانیی راستەوخۆ بوون و تێکەڵبوونی ئەم کانزایە لەناو خوێنیاندا، هۆکار بووە بۆ دابەزینی رێژەی زیرەکییان بە دوو بۆ سێ پلە.

بەرزبوونەوەی رێژەی قوڕقوشم لە خوێندا، کاریگەریی لەسەر گەشە، هزرمەندیی و هەڵسوکەوت دروستکردووە، ئەمەش پاڵنەر بووە بۆ بڕیاردانی هەڵە لە کاتی هەستیاردا و حوکمڕانیی رۆمانییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
بەڵام بەشێک لە مێژوونووسان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ ژەهراویبوون بە قوڕقوشم، هۆکاری راستەوخۆ و راستەقینەی داڕمانی ئیمپراتۆرییەتەکە نییە و ئەوەی لەسەر سەکۆی سیاسیی و حوکمڕانیی جیهان رۆمانییەکانی لەناوبرد، جەنگ و پلانە ستراتیجییەکانی وڵاتانی رکابەر بوو.