مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئەوەی بەغداد بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات رەفتارێکی ستەمکارانەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق هاوشێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق و بەشێک لە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی تێدادەکەن، مەسرور بارزانی گوتیشی، ئەرکی سەرەکیی ئێوە بەرگریکردنە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە، ناکرێت کێشەکانیان تەنیا لە مووچەدا کورتبکەنەوە و چەندین کێشەی دیکەی وەک جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 و پێشمەرگەیان هەیە و چارەسەرنەکراون.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەری پرسی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان بکرێت.