مارکۆس راشفۆرد، هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لەلایەن یانەی بەرشلۆنەوە ئۆفەری پێشکەشدەکرێت و ئەگەری هەیە لە میرکاتۆی زستانەدا و هەر لەم مانگەدا ئۆڵدترافۆرد جێبهێڵێت.
سەرچاوەکان ناوی یاریزانە ئینگلیزیەکە بە یانەی بەرشلۆنەوە دەبەستنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەی سی میلانیش ئۆفەری خستە بەردەمی، بەڵام ئەوەی کێشەی یانە ئیتاڵیەکە بوو مووچە بەرزەکەیەتی، بەڵام پێناچێت مووچەی بەرز بۆ یانە کەتەلۆنییەکە کێشەبێت، بەتایبەت کە خۆی یاریزانەکانی مووچەی بەرزیان هەیە.
مارکۆس راشفۆرد لەلایەن روبن ئامۆریمی راهێنەری شەیتانە سوورەکان پشتی پێنابەسترێت، تەنیا 12 یاریی لەم وەرزەدا بە شێوەی سەرەکی یاریی کردووە و لەدوای هاتنی ئامۆریمیش یاریزانەکە هیچ چانسێکی پێنادرێت بۆ یارییکردن.
ئەوەی کێشەیە بۆ بەرشلۆنە، گرێبەستەکەی راشفۆرد لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، کە بارودۆخی دارایی یانە کەتەلۆنییەکە رێگا نادات تواناکانی بەدەستبهێنێت، بەڵام راشفۆرد سەرنجی چەندین یانەی گەورەی وەک ئەی سی میلان، یوڤێنتۆس و ئارسیناڵی بەلای خۆیدا راکێشاوە، رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیش ئاشکرایکرد، بەرشلۆنە گفتوگۆکانی لەگەڵ راشفۆرد دەستپێکردووە و ئەگەر بۆ وەرزێکیش بێت دەیەوێت بیگوازێتەوە.