ئەو هونەرمەندانە کێن کە ماڵە گرانبەهاکانیان لە ئاگرە گەورەکەی لۆس ئەنجلس خاپوور بوو!

خاپوور بوونی چەندین خانووی گرانبەهای هونەرمەندانی هۆلیوود و کاریگەرییەکانیان لەسەر هونەرمەندەکان زۆر بووە و لە زاری خۆیانەوە باسی رزگاربوونیان دەکەن.
ئاگرکەوتنەوەکان لە لۆس ئەنجلۆس و دەوروبەری سووتانی ماڵی چەندین کەسایەتی ناوداری گرتەوە، سێ ئاهەنگی خەڵاتکردن کە پلانی بۆ دانرابوو بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە دواخران، رێورەسمی ئاهەنگی پاڵێوراوانی ئۆسکار بۆ هەفتەی داهاتوو دواکەوت.
هەزاران بینا و خانووبەرە لەناوچوون. هەروەها زیاتر لە 180 هەزار کەس لە ژێر فەرمانی چۆڵکردندان لە ناوچەی میترۆپۆلیتان، لە کەناری زەریای هێمن لە ئینلاند تا پاسادینا.
درەنگانی رۆژی چوارشەممە ئاگر لە گردەکانی هۆلیوود کەوتەوە تا گەیشتە گردەکانی نزیک شانۆی بەناوبانگی هۆلیوود بۆول و دۆلبی کە شوێنی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکارە، ئەو ئاگرە تا رادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ کرابوو بەبێ ئەوەی زیان بە شوێنە گرنگەکانی هۆلیوود بگات.
لێرەدا باس لەو کەسایەتییە بەناوبانگا دەکەین کە ماڵە گرانبەهاکانیان وەکو هەر ماڵێکی دیکەی خەڵکی ناوچەکە بەهۆی ئاگر کەوتنەکەوە خاپور بوون، کە نرخی مامناوەندی هەر خانویەکی ئاسایی لەم ناوچەیە 4.5 ملیۆن دۆلاربووە.
ئانتۆنی هۆپکینز:


بەپێی زانیارییەکان، ئەو وێنانەی کە لەلایەن دەیلی مەیڵ و پیپڵ و تی ئێم زی بڵاوکراونەتەوە، خانووە کۆلۆنیاڵەکەی ئانتۆنی هۆپکینزی ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار لە پالیسایدەکانی زەریای هێمن دەردەخات کە خاپور بووە و بووە بە داروپەردوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەمە یەکەمجار نییە ئەو ئەکتەرە تەمەن 87 ساڵە تووشی لەدەستدانی ماڵێک ببێت. هۆپکینز لە ساڵی 2000 ماڵەکەی لە لەندەن بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەدەستدا، ماڵێکی تری لە شاری پالیسایدز لە ساڵی 2018 سەرسوڕهێنەرانە لە ئاگری وۆڵسی رزگاری بوو، بەڵام ماڵ و موڵکی دراوسێکەی لەناوبرد.
میڵ گیبسۆن


ئەکتەری فیلمی "ماد ماکس" ماڵەکەی مالیبۆی لە ئاگرەکەی پالیسادێسدا لەدەستدا کە زیاتر لە دەیەیەک ساڵ تێیدا ژیاوە، لە دیمانەیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "ئەلیزابێس ڤارگاس راپۆرتس"ی نیوزنەیشن باسی لەوەکرد کە ئەزموونەکەی بە "وێرانکەر" ناوبردووە و گەڕەکەکەی بە "تەواو برژاو" وەسفکردووە .
گیبسۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی ئاگرەکەدا لە ئۆستن بووە و خەریکی تۆمارکردنی پۆدکاستەکەی جۆ رۆگان بووە. بە ڤارگاسی وتووە: بیرم لەوە کردەوە کە ئایا ماڵەکەم هێشتا لەوێیە، "بەڵام کاتێک گەیشتمە ماڵەوە، بەدڵنیاییەوە هیچی نەمابوو! بە خۆمم گوت، "باشە، لانیکەم ئیتر رزگارم بوو لە کێشە بێزارکەرەکانی قفڵ و بەلوعەی ماڵەکەم".
رۆزالین رۆس هاوسەری گیبسۆن و کوڕەکەیان لارس توانیان بگەنە شوێنێکی سەلامەت و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو مریشکەکانی سەلامەتن، هەموو وێنە و فایل و یادەوەرییەکانی لەدەستداوە بەڵام سوپاسگوزارە بۆ بەخشندەیی کەسانی چواردەوری. گیبسۆن بە ڤارگاسی ووتووە لە کاتێکدا رەخنەم لە گاڤین نیوسۆمی حاکمی کالیفۆڕنیا هەیە "بەڵام ئەمە جۆرێکە لە وێرانکاری، ساتێکی سۆزدارییە شتەکانم هەمووی لەویا بوون، لەبارگرانی شتەکانم رزگارم بوو، هەموویان بوون بە خۆڵەمێش".
جێف بریجیس


نوێنەری کۆمپانیای بریجس بە رۆژنامەی هۆلیوود ریپۆرتەری راگەیاندووە، خانووەکەی ئەو ئەکتەرە کە لە دایک و باوکی کۆچکردوویەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە، لە ئاگری پالیسایدسدا سووتاوە. بریجس کە بە فیلمەکانی "لێبۆڤسکی گەورە" و "پیاوە پیرەکە" لەنێو پڕۆژەکانی دیکەدا ناسراوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی سوزان گێستۆن پێکەوە لە ماڵەکەیان دەژیان و لە نێوان ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ دەستنشانکردنی گرێ لەمفاوییەکانی دەژیا و دەجەنگا.
کاندی سپێڵینگ


بە پێی گۆڤاری "پیپڵ"، کاندی سپێلنگی بەرهەم هێنەرەکەی برۆدوای ئەو خانووەی مالیبۆی کە پەنجا ساڵە لەگەڵ هاوسەرەکەی پێکەوە تێیدا دەژین، لەدەستدا. خانووەکەی 8 هەزار پێ چوارگۆشەبوو، 7 ژووری نووستنی تێدا بوو. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت" لە ساڵی 2019، سپێڵینگ خانووەکەی بە بەهای 23 ملیۆن دۆلار دانابوو بۆ فرۆشتن.
دیان وارن

نووسەری گۆرانی دیان وارن لە ئەکاونتی خۆی لە ئینستیگرام نووسیوێتی: "ئەو خانووەی کە ماوەی 30 ساڵە لە سەر کەنارەکە هەیەتی بە تەواوەتی لەدەستدا، بەڵام هەموو ئەو ئاژەڵانەی کەهەیەتی لە باخەکەی لە مالیبۆ سەلامەتن.
پاریس هیڵتۆن

هیڵتۆن لە سۆشیال میدیا رایگەیاند، لەکاتی سەیرکردنی هەواڵەکاندا زانیویەتی ماڵەکەی لە شاری مالیبو بەهۆی ئاگرکەوتنەوە وێران بووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ماڵە بووە کە کوڕەکەی فۆنیکس "یەکەم هەنگاوی تێدا ناوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "زانینی ئەوەی ئەمڕۆ زۆر کەس بەبێ ئەو شوێنەی کە ناویان ناوە ماڵەوە لە خەو هەڵدەستن، بەڕاستی دڵتەزێنە".
بەپێی ئاژانسی هەواڵەکانی "ناوداران و خانووبەرە"، هیڵتۆن لە ساڵی2021 خانوویەکی کەنار دەریایی لە ناوچەی "ناوەڕاستی سەدە" کە 30 هەزار پێی چوارگۆشە دەبێت بە زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلار کڕیوە.
بیڵی کریستاڵ


لە بەیاننامەیەکدا کرسیتاڵ بۆ چەند میدیایەک قسەی کردووە و وتوویەتی خۆی و جانێتی هاوسەری ئەو خانووەیان لەدەستداوە کە بۆ ماوەی 45 ساڵ تێیدا دەژیان. هەروەها توویەتی "منداڵەکانمان و نەوەکانمان لەم خانووەدا بەخێوکردووە، هەموو شوێنێکی ئەم ماڵە پڕ بوو لە خۆشەویستی، یادگارییەکان زۆر جوان بوون ناتوانرێت لێمان بسەندرێنەوە، بێگومان زۆر خەمبارین بەڵام بە خۆشەویستی منداڵەکانمان و هاوڕێکانمان ئەمە تێدەپەڕێنینین".
لە بۆنەیەکدا لە ساڵی 2018 کریستاڵ زۆر بە گڕوتینەوە باسی لە گەڕەکەکەی دەکرد، کاتێک ئەو و جانیسی خێزانی وەک سەرۆکی شارەوانی فەخری کۆمەڵگاکە دەستنیشانکران. وتی: "ئێمە لە ساڵی 1979 کۆچمان کرد بۆ ئێرە، لەگەڵ منداڵێکی 2 و 7 ساڵان، شوێنێکی نایاب بوو بۆ خێزان، هەمیشەش بۆ ئێمە بەو شێوەیە ماوەتەوە، ئێستا نەوەکانمان دەهێنینە ئێرە".
ماندی موور

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، مۆر رایگەیاندووە، ئەو و کەسانی دیکەی ناو گەڕەکی ئەلتادینا بەهۆی ئاگرەکەوە کاریگەرییان لەسەر دروستبووە، پۆستەکەی ڤیدیۆی ئاسمانی پڕ لە دوکەڵ و بینا سووتاوەکانی لەخۆگرتبوو.
لە پۆستەکەیدا نوسیوێتی: "ئەمە ئەلتادینایە، لەگەڵ زەویدا تەخت بووە، خانووە جوانەکەم. من ئێستا روخاوم و تێکشکاوم بۆ ئەو کەسانەمان کە زۆرمان لەدەستداوە، من تەواو سڕ بووم".
هەروەها دەڵێت: "من لە حاڵەتی شۆکدام هەست بە سڕ بوون دەکەم بۆ هەموو ئەو کەسانەی زۆر شتیان لەدەستدا، لەوانە خێزانەکەم، قوتابخانەی منداڵەکانم دیارنەما، خواردنگە دڵخوازەکانمان تەختی زەوی بوون، هاوڕێکانمان و خۆشەویستەکانمان بێگومان هەموو شتێکیان لەدەستدا".

موور و هاوسەرەکەی ئێستای تایلەر گۆڵدسمیس، بۆ ماوەی ساڵێک گەڕان، تاکو خانووەیەک لەو ناوچەیە بکڕن، بە پێی راپۆرتێکی گۆڤاری ئارچیتێکچوراڵ دیگێست Architectural Digest لە ساڵی 2018 بەم جۆرە وەسفی خانووەکەی مووری کردووە: "لەسەر لوتکەی گردی پاسادینا لە خانوویەکی کلاسیکی ساڵانی پەنجاکاندا کە دەڕوانێت بەسەر تەواوی چیاکان و دۆڵەکانی سان گابرێڵ، شوێنێکی نموونەییە بۆ دەستپێکی ژیانیانیان پێکەوە".
کاری ئێڵویس

ئەستێرەکەی فیلمی بووکی شازادە "The Princess Bride"، لە سۆشیال میدیا رایگەیاندووە، ماڵەکەی بەهۆی ئاگری پالیسادسەوە سووتاوە، دەڵێت: "بەداخەوە ماڵەکەمان لەدەستدا بەڵام سوپاسگوزارین کە بەڕاستی لەم ئاگرە وێرانکەرە رزگارمان بووە". هەروەها وتی: دڵمان لەگەڵ هەموو ئەو خێزانانەیە کە بەهۆی ئەم کارەستەوە زیانیان پێگەیشتووە.
کامیرۆن ماتیسۆن

ماتیسۆن ئەستێرەی فیلمی هەموو منداڵەکانم "All My Children" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاندووە کە ماڵەکەی وێران بووە. لە ڤیدیۆ کلیپێکدا دەردەکەوێت کە بە دەوری ئەو شوێنەوارە سووتاوانەدا دەسوڕێتەوە کە جاران خانووەکەی لێ بووە و ئێستا هیچی نەماوە.
سپێنسەر پرات و هایدی مۆنتاگ

پرات و مونتاگ دوو ئەستێرەی هاوسەرگیریین لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی زە هیڵز "The Hills"، ماتەمینیان گێڕا بۆ لەدەستدانی ماڵ و کەلوپەلەکانیان بەهۆی لەناوچوونیان لە ئاگرکەوتنەوەکەدا، برات لە سناپچات نوسیوێتی: "خۆی و خێزانەکەی ناچاربوون لەماڵ هەڵبێن دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە ماڵەکەیان بە تەوەواتی دەسووتێت، دەڵێت نەیتوانیووە کە پۆشاکی زۆر لەگەڵ خۆی بەرێت و" پۆشاکە دیزاینکراوەکانیشی" لەو بەجێهێشتووە و سووتاوە".
لە پۆستێکی دیکەی سناپدا مونتاگ دەڵێت: "خێزانەکەی بە سەلامێتی هەڵهاتن بەڵام بیری ماڵەکە و شارەکەیان دەکەن".
جەیمس وودز



لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە دەرکەوت، وودز کێشەیەکی زۆری هەبوو بۆ ئەوەی لەوە تێبگات کە ماڵەکەی سووتاوە، وتی: رۆژێک لە مەلەوانگەکەدا مەلە دەکەیت، بۆ رۆژی دواتر تەماشا دەکەیت هیچ شتێک نەماوە.
وودز ئاماژەی بەوەشکردووە، کە یارمەتی دراوسێ تەمەن 94 ساڵەکەی داوە بۆ ئەوەی بەرەو شوێنێکی سەلامەت هەڵبێت. دەڵێت ئەوەندە سامناک بوو، وەک دۆزەخێک وابوو، هەموو ماڵێک لە دەوروبەرمان ئاگری گرتبوو.
ئادەم برۆدی و لیتۆن میستەر

چەندین دەزگای راگەیاندن لەوانەش کەناڵی NBC News وێنە و ڤیدیۆی ماڵێکی وێرانکراوی پاسیفیک پالیسایدزیان بڵاوکردەوە کە دەوترێت هی هەردوو هاوسەرە ئەکتەرەکەی هۆلیوود ئادەم برۆدی و لیتۆن میستەرە.
ریکی لەیک


پێشکەشکاری پێشووی بەرنامەی گفتوگۆیی ئینستاگرام رایگەیاند کە "ماڵی خەونەکانی" لە مالیبو، کە تێیدا هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرەکەی رۆس بێرننگهام کردووە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە لەناوچووە.
لە پۆستێکدا کە وێنە کۆنەکانی خۆی لەگەڵدایە لە باخچەکەیدا وەستاوە و لە تەنیشت مەلەوانگەکەوە دانیشتووە نووسیویەتی: "هیچ شتێک نەماوە" ئەوە بەهەشتی ئێمە بوو لەسەر زەوی. ئەو شوێنەی کە بە نیازبووین تێیدا پێکەوە پیر بین، بۆیەک چرکەش لەوباوەڕەدا نەبووین کە ئەو شوێنە ئاسمانییەی کەبەسەر مالیبۆدا دەیڕوانی کارێکی وای بەسەربێت.
جێنی ئایکۆ


ئایکۆی گۆرانیبێژ لەپۆستێکی ئینیستگرامیدا نوسیوێتی: خانووەکەم بەتەواوەتی سووتاوە، خۆم و منداڵەکانم سەلامەتن، دەبێت لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە، دڵم زۆر توندە.
ئانا فاریس


نوێنەرەکەی بەرڕۆژنامەی هۆلیوود ریپۆرتەری راگەیاندووە، ماڵی ئەو خانمە ئەکتەرە لە ئاگرکەوتنەوەکانی پالیسایدسدا خاپوور بووە، هاوکات پشتڕاستیکردووەتەوە کە فاریس و خێزانەکەی سەلامەتن.
مێلیسا ریڤەرز

کەسایەتی تەلەفزیۆنیی مێلیسا ریڤەرز رایگەیاندووە، توانیویەتی بەڵگەنامەکانی وەک ناسنامە و چەند شتێکی بەنرخ لە ماڵەکەیدا دەرباز بکات، پێش ئەوەی لە ماڵەکەیدا لە ئاگرکەوتنەوەکە لەناوبچن. خەڵاتێکی ئێمی کە دایکم بەدەستی هێنابوو لەگەڵ وێنەکەی باوکم و وێنەیەکی خۆم و کوڕەکەم کە دایکم بەدەستی خۆی کێشابووی لەگەڵ خۆم هەڵمگرتن "ئەمە هەموو شتێکە، ئەمە مێژووی خانەوادەکەمە".
جێی وەبیرهێنانەوەیە جوان ریڤەرز دایکی کۆچکردووی مێلیسا لە ساڵی 1990 خەڵاتی ئێمی بۆ باشترین میوانی بەرنامەی گفتوگۆیی بەدەستهێنا.