ویکند: فشاری دەروونی کارەکانی راگرتم

هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی کەنەدا و جیهان، ئەیبل تێسفەی، ناسراو بە ویکند، ئاشکرای دەکات، ساڵی 2022، بەهۆی ئەو فشارە دەروونییانەی دووچاری ببوویەوە، ناچار بوو گەشت و کۆنسێرتە هونەرییەکانی رابگرێت.
ساڵی 2022، ویکند دووچاری تێکچوونی دەنگ و لەدەستدانی توانای گۆرانی گوتن بووەوە، ئەمە وای کرد، بە ناچاریی دەستبەرداری کۆنسێرتەکانی ببێت و دڵی هەوادارانی رەنجاند.

ئەم هونەرمەندە ئاشکرای دەکات؛ نەخۆشکەوتن و هەوکردنی دەنگەژێیەکانی، هۆکاری ئەو دڵەڕاوکێ و فشارە دەروونییەکانی بوون، لەو قۆناغەدا و لە هەمان کاتدا، سەرقاڵی تۆمارکردنی فیلم و پلاندانان بووە بۆ کۆنسێرتەکانی، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر جێگیریی دەروونی دروستکردووە.
جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەو دۆخەی کە پیایدا تێپەڕیوە، کاریگەریی لەسەر ناوەڕۆکی کارەکانی دواتری دروستکردووە و توانیویەتی بەشێوەیەکی باشتر و بەهێزتر هەستێتەوە، لە ئەلبوومی "Hurry Up Tomorrow" ئەم راستییە دەردەکەوێت.