کەوتنەوەی ئاگر و بڵاوبوونەوەی دوکەڵی زۆر بەسەر شارەکاندا، کاردەکاتە سەر تەندروستی و دەبێتەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی جەڵتەی دڵ و مێشک. بەگوێرەی توێژینەوەکان، پیسبوونی هەوا، بەتایبەت ئەگەر بەهۆی ئاگرەوە بێت، کاردەکاتە سەر دەرووندروستی و رێژەی تووشبوون بە حاڵەتەکانی وەکو خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ئاڵزهایمەر و پارکینسن زیاتردەکات.
ماوەی چەند رۆژێکە لە لۆس ئەنجلسی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاگرێک دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار باڵەخانە و خانوو سووتاون و 11 کەس گیانیانلەدەستداوە. سەنتەری رێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، داوای لە خەڵکی وڵاتەکە کردووە تەنانەت ئەگەر دووریش بن لە ئاگرەکەوە، لەڕێگەی بەرنامەکانی مۆبایلەوە چاودێریی پاکیی هەوای شارەکەیان بکەن.
PM2.5، جۆرە گەردێکی زیانبەخشی ناو هەوایە، بەکاردەهێنرێت بۆ پێوانەی پیسیی هەوای ناوچەیەک. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی واشنتن، ئەگەر ئەو گەردە لە هەوادا زۆربێت، ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان %3 زیاددەکات؛ خۆ ئەگەر بێتوو پیسیی هەوا بەهۆی دوکەڵی ئاگرە سروشتییەکانەوە بێت، ئەگەری خەڵەفان نزیکەی %21 زیاددەکات.
زیادبوونی رێژەی خەڵەفان بەهۆی ئەوەوەیە کە لەناو دوکەڵی ئاگرە سروشتییەکاندا کۆمەڵێک ماددە هەن بە PAH ناسراون. ئەو ماددانە دەچنە ناو لووتەوە، لەڕێگەی دەماری بۆنکردنەوە دەچنە ناو مێشکەوە و دەبنەهۆی هەوکردنی مێشک و ئۆکساندن. ئەم ئۆکساندن و هەوکردنە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەکو ئاڵزهایمەر و پارکینسن زیاددەکەن.
توێژینەوەیەکی دیکە کە لەلایەن زانکۆی نیو مەکسیکۆوە کراوە، باسی لەوە کردووە دوکەڵی ئاگرە سروشتییەکان هەوکردن لەناو بەشێکی مێشکدا کە بە هیپۆکامپەس ناسراوە، زیاددەکات. ئەم بەشەی مێشک بەرپرسە لە فێربوون و یادگە. پێدەچێت هەر بەهۆی ئەمەشەوە بێت کە ئەو کەسانەی دوکەڵی ئاگریان زۆر بەسەردا دێت، دواتر لە کاتی کردنی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا سەرنجیان کەمتردەبێت و زیاتر دەدۆڕێن.
ئەمە هەر تەنیا یاریییە ئەلیکترۆنییەکان ناگرێتەوە؛ توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2020 لەسەر ئەو خوێندکارانە کراوە کە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی چینیان کردووە، دەریخستووە ئەو خوێندکارانەی لە نزیک ماڵەکانیان ئاگر هەبووە، 0.6 نمرە نزمتریان هێناوە. بە لەبەرچاوگرتنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 لە هەرێمی کوردستان، رووندەبێتەوە کە 0.6 نمرە تاوەکو چ ئاستێک کاریگەریی لەسەر وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێجە بەرزەکان و داهاتوویان دەبێت.
لە ساڵی 2018، لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاگرێکی گەورەی دیکە کەوتەوە کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی 85 کەس. لە توێژینەوەیەکی زانکۆی ساندیاگۆدا دەرکەوتووە کە سەرەڕای ئەوەی ئەوانەی کەسێکیان لەدەستداوە تووشی خەمۆکی و تەنگژەی پاش زەبری دەروونی بوون، ژمارەیەکی زۆریش لەو خەڵکانەی کە هیچ کەسێکیان لەدەستنەداوە و ئاگرەکە هیچ کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ژیانیان نەبووە، تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بوون. چەندین توێژینەوەی دیکەش دەریانخستووە ئەوانەی لە هەوای پیسدا دەژین، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە دەروونییەکان زیاترە.
لە هەرێمی کوردستانیش، ساڵی رابردوو چەند جارێک ئاگری سروشتی کەوتەوە، کە سەرەڕای ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، بەڵام بێگومان کاریگەری لەسەر دەرووندورستیی ئەو هاونیشتمانییانە داناوە کە لە نزیک شوێنی ئاگرەکانەوە ژیاون.