چوار رێنمایی گرنگ بۆ ئەوانەی پشیلە بەخێودەکەن

test

بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی، ئەگەر بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانەوە بێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەرووندروستی دەبێت، بەتایبەت لەسەر منداڵان. تەنانەت هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەوانەی لە منداڵییەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکاندا هەبووە، کەمتر تووشی هەستەوەری و رەبۆ دەبن.

لە کاتی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکاندا، چەندە گرنگە بیر لە تەندروستیی بەخێوکەرەکە بکرێتەوە، ئەوەندەش دەبێت سەرنج بخرێتە سەر تەندروستیی ئاژەڵەکە.

  1. ئاگات لە خواردنی بێت: پشیلە ئاژەڵێکی گۆشتخۆرە، بۆیە دەبێت ئەو خۆراکانەی دەیدەیتێ، زیاتر پشت بە سەرچاوە ئاژەڵییەکان ببەستن. دەبێت لانیکەم %30 بۆ %40ـی خۆراکی رۆژانەیان پرۆتین بێت.
    جگەلەمە، گرنگە پشیلەکەت خواردنی تەڕی هەبێت. خواردنە تەڕەکان نزیکەی %80ـیان ئاوە، ئەمە وادەکات ئەگەر پشیلەکەت بە بڕی پێویستیش ئاو نەخواتەوە، لەڕێگەی خواردنەکەیەوە بڕێکی دەستبکەوێت.
    یەکێك لە خاڵە گرنگەکانی پەیوەست بە خواردنی پشیلەوە ئەوەیە کە نابێت بەردەوام خواردنی لەبەردەم بێت، بەڵکو گرنگە رۆژانە بە چەند ژەمێک خۆراکی بخرێتە بەردەم، بۆئەوەی قەڵەو نەبێت و تووشی نەخۆشییەکانی دڵ نەبێت.
  2. بردن بۆ پشکنین: دەبێت پشیلە لانیکەم ساڵانە جارێک ببرێت بۆ لای پزیشکەکەی تاوەکو پشکنینێکی گشتی بۆ بکات. هەروەها ڤاکسین و دەرمانی دژەکرمی پێبدرێت.
    بەگشتی پشیلە لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تووشی کێشەی ددان دەبێت، بۆیە گرنگە ساڵانە جارێک پشکنینی ددانەکانی بۆ بکرێت و ئەو خۆراکانەی پێبدرێت کە زیان بە ددانی ناگەیەنن.
  3. با وەرزش بکەن: قەڵەوی یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی پشیلە. نزیکەی %60ـی پشیلە ماڵییەکان قەڵەون، ئەمەش چونکە بەردەوام خۆراکیان لەبەردەمە و چالاکییان کەمە. هەوڵبدە رۆژانە لانیکەم دوو جار و هەر جارێک بۆ ماوەی 15 خولەک یاری و جووڵە بە پشیلەکەت بکەیت.
    بەگشتی کاتێک پشیلە هەڵدەگریت، دەبێت هەست بە قەفەزەی سنگی بکەیت، ئەگەر نەتتوانی هەستیپێبکەیت، لەوانەیە قەڵەو بێت و پێویستی بە جووڵەی زیاتربێت.
  4. رۆژانە شوێنی پیساییکردنیان پاکبکەرەوە: پشیلە ئاژەڵێکی پاکە و گرنگی بە پاکوخاوێنیی خۆی دەدات. ئەگەر شوێنی پیساییکردنی زۆر پیس ببێت و پاکنەکرێتەوە، لەوانەیە بەکارینەهێنێت. بەمەش یان پیسایی لە شوێنێکی دیکەی ناو ماڵەکە دەکات، یانیش هەر پیسایی ناکات و لەوانەیە گرفتی تەندروستی بۆ دروستببێت.